قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ڤەنزوێلا هەزار و 400 کەسی تێپەڕاند و نزیکەی 69 هەزار کەسیش بێسەروشوێنن
دوای چوار ڕۆژ لە ڕوودانی دوو بوومەلەرزەی بەهێز لە ڤەنزوێلا، هەوڵە چڕوپڕەکانی تیمەکانی فریاگوزاری بۆ ڕزگارکردنی گیرخواردووان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا بەردەوامە؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە ژمارەی قوربانییان بەردەوام لە هەڵکشاندایە و کاتیش لە بەردەم دۆزینەوەی ڕزگاربوواندا کەم دەبێتەوە.
بەردەوامیی گەڕان بەدوای ڕزگاربوواندا
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەیشتووەتە 1,430 کەس. هەر بەگوێرەی ئامارە تەندروستییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 3,238 کەس بریندار بوون و هەزاران کەسیش بێسەروشوێنن.
ڕاگەیێنراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ڤەنزوێلا
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ڤەنزوێلا لەبارەی ژمارەی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە نزیکەی 3,200 کەس بریندار بوون و 30,100 کەسیش بێ ماڵ و حاڵ بوون.
ئاماری بێسەروشوێنبووان
بەگوێرەی ئامارەکانیش بەپێی ئەو سۆراخەی لەلایەن کەسوکاریانەوە کراوە 68,900 کەس بێسەروشوێنن.
ڕاسپاردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ هاناوەچوونی لێقەوماوان
هەوڵەکانی ڕزگارکردنیش لەو وڵاتە بەردەوامن، دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی ئەو وڵاتە لەبارەی بەشداریی هێزە ئەمنییەکان لە پڕۆسەی هاوکاریکردندا ڕایگەیاندووە، زیاتر لە 14,000 پۆلیس و یەکەی سەربازی کار دەکەن لەو ناوچانەی کە کەتوونەتە ژێر کاریگەریی بوومەلەرزەکەوە.
کاتی زێڕینی ڕزگارکردنی هاووڵاتییان
بەگوتەی شارەزایان، لەپاش 72 کاتژمێر لە ڕوودانی کارەساتێکی سروشتی هەوڵەکانی ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ژیاندا ماون دەگۆڕێت بۆ هەوڵی دەرهێنانەوەی تەرمەکان.
کات و گوڕی بوومەلەرزەکان
بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان و کاتژمێر 6ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی ڤەنزوێلا دوو بوومەلەرزە بە گوڕی 7.5 پلە و 7.2 پلە ڤەنزوێلایان هەژاند، دوای ڕووداوەکە زۆرینەی وڵاتان هاوخەمیی خۆیان دەربڕی و هاوکاریی مرۆیی و تیمی ڕزگارکردنیان نارد بۆ ئەو وڵاتە.
4 کاتژمێر پێش ئێستا