نیشانە و چارەسەرەکانی بوونی گرفتی گۆشتی زیادەی چاو
سەروەر سالار 3 کاتژمێر پێش ئێستا
گۆشتێ زیادەی چاو بریتییە لە گەشەکردنی شانەیەکی گۆشتی لەسەر بەشی سپێنەی چاو کە ڕەنگە بەرەوڕووی گلێنە گەشە بکات، هەرچەندە گۆشتی زیادەی چاو مەترسیدار نییە، بەڵام ئەگەر پشتگوێ بخرێت، دەبێتەهۆی سووربوونەوەی بەردەوام و کەمکردنەوەی توانای بینینی کەسەکە.
هۆکارەکانی دروستبوونی گۆشتی زیادەی چاو چین؟
گۆشتی زیادەی چاو زیاتر وەک کاردانەوەیەکی سیستمی بەرگریی چاوی کەسەکە دروست دەبێت، لە دژی ئەو هۆکارە ژینگەییانەی زیان بە چاو دەگەیەنن، بەتایبەت:
- تیشکی سەروو بنەوشەی: (UV) بەرکەوتنی زۆری تیشکی خۆر هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی گۆشتی زیادەی چاوە
- وشکی و تەپوتۆز: با، بەرکەوتنی خۆڵ و دووکەڵ بە چاوی کەسەکە
- وشکبوونی بەردەوامی چاو
نیشانە باوەکانی بوونی گرفتی گۆشتی زیادەی چاو چین؟
نیشانە باوەکانی بوونی گرفتی گۆشتی زیادەی چاو بریتین لە:
- هەستکردن بە بوونی لم یان تەنێکی نامۆ لەناو چاودا
- سووربوونەوە، کزانەوە و خورانی بەردەوامی چاو
- لێڵبوونی بینین (ئەگەر گۆشتە زیاددەکە گەشە بکات و بگاتە سەر گلێنە)
ڕێگاکانی چارەسەرکردنی گۆشتی زیادەی چاو چین؟
ئەگەر گۆشتی زیادەی چاوی کەسەکە بچووک بێت و کاریگەریی لەسەر توانای بینینی کەسەکە دروست نەکات، ئەوا تەنیا نیشانە بێزارکەرەکانی گۆشتە زیادەکە کەم دەکرێنەوە لە ڕێگەی:
- بەکارهێنای دڵۆپەی چاوی فرمێسکی دەستکرد لە ژێر چاودێریی پزیشكی پسپۆڕدا: بۆ نەهێشتنی وشکی و کزانەوەی چاو
- بەکارهێنانی دڵۆپەی چاوی دژەهەوکردن (ستیرۆید): بۆ ماوەیەکی کورت لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕ بۆ کەمکردنەوەی سووربوونەوەی توندی چاو
- لابردنی گۆشتی زیادەی چاو بە نەشتەرگەری ئەگەر گۆشتە زیادەکە گرفت بۆ بینینی کەسەکە دروست بکات
- بە وەرگرتنی دەرمان ئازار و کزانەوەکەی چاوی کەسەکە چارەسەر نەبێت
- گۆشتی زیادەی چاوی کەسەکە بببێتەهۆی بێزاربوونی کەسەکە
چۆنیەتیی خۆپاراستن لە تووشبوون بە گرفتی گۆشتی زیادەی چاو
- بەکارهێنانی چاویلکەی خۆر کە چاو لە تیشکی زیانبەخشی خۆر و با دەپارێزێت
- بەکارهێنانی کڵاو: بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر
- بەکارهێنانی شێدارکردنەوەی چاو لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا
- بەکارهێنانی فرمێسکی دەستکرد لە ژینگەی وشک و پڕ تەپوتۆز لە ژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا
د. شۆخ وەهاب
پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی چاو
سەروەر سالار
3 کاتژمێر پێش ئێستا