کۆمپانیاى نەوتى باکوور: تاوەکو ناوەڕاستى تەمموز هەرێمى کوردستان هەناردەى نەوت زیاد دەکات
بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووز هەناردەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، کە لە ئێستادا ڕۆژانە 25 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بەندەری جەیهان دەکرێت.
پڕۆگرامی کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ ئاستی بەرهەمهێنان
بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور، کە نەویست ناوی بهێنرێت لەبارەی بەرنامەی زیادکردنی هەناردەی نەوتەوە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "هەرێمی کوردستان لە بەرنامەیدایە لە هەفتەی دووەمی مانگی تەممووزی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاد بکات، بەڵام زیادکردنی هەناردەی نەوت بەشێوەی ڕێژەیی دەبێت تا دەگاتەوە ئاستی هەناردەکردنی 200 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە".
دۆخی زانستی و تەکنیکیی کێڵگە نەوتییەکان
ئەو بەرپرسە لەبارەی دۆخی زانستیی کێڵگە نەوتییەکانەوە ڕاشیگەیاند، "کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی زانستییەوە ناتوانرێت فشاریان لێ بکرێت وەک پێش جەنگی ئێران بەرهەمی نەوتیان هەبێت، بەڵکو کاتی دەوێت تاوەکو دەگەنەوە ئاستی پێش جەنگی ئێران".
بەراوردی ئاماری هەناردەی کەرکووک و هەرێمی کوردستان
ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای نەوتی باکوور لەبارەی ئامارەکانی ئێستای هەناردەکردنەوە ئەوەشی خستەڕوو، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژێکدا 25 هەزار بەرمیل نەوتە و هاوژمار لە کەرکووکەوە 200 بۆ 210 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت لە ڕێگەی هێڵی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.
دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی ئەتروش
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن بە بڕی 7 هەزار بەرمیل ڕۆژانە دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە، هەروەها ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی حوزەیران لە کێڵگەی ئەتروش ئێچ کەی ئێن دەست بە بەرهەمهێنان دەکەنەوە.
بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی شێخان و تاوکێ و پیشخابور
ناوبراو لەبارەی دەستپێکردنەوەی کار لە کێڵگەکانی دیکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شێخان گۆڵف کیستۆن دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووە و لە تاوکێ و پیشخابور دی ئێن ئۆ ڕۆژی هەینی 26ـی حوزەیران دەستیان بە بەرهەمهێنان کردووەتەوە.
هۆکاری ڕاگرتنی پێشتری بەرهەمهێنانی نەوت
ئەوە لە کاتێکدایە، لە سەرەتای جەنگی ئێران لە 28ـی شباتی ئەمساڵەوە، کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوتیان ڕاگرت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا