گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە لە ئەورووپا 1,500 کەسی تێپەڕاند

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
هاوڵاتییانی فەڕەنسا بۆ خۆفێنککردنەوە چوونەتە ناو ئاوی ڕووبارەکان. فۆتۆ: AFP
هاوڵاتییانی فەڕەنسا بۆ خۆفێنککردنەوە چوونەتە ناو ئاوی ڕووبارەکان. فۆتۆ: AFP

شەپۆلێکی گەرما وڵاتانی ئەورووپای گرتووەتەوە و هێشتا بەردەوامە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 1,500 کەس گیانیان لەدەستداوە. زیاتر لە 1,000 کەسیان لە فەڕەنسان و نزیکەی 500ی دیکەش لە ئیسپانیا بوون، ئەمە جگە لە تۆمارکردنی 6 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە بەریتانیا و 5 حاڵەت لە ئیتاڵیا و 6 حاڵەتی دیکەش لە ئەڵمانیا.

گۆڕانکاری لە پێشبینییەکانی کەشناسیدا

لەکاتێکدا پێشتر چاوەڕوان دەکرا سبەینێ شەپۆلی گەرماکە تەواو بێت، بەڵام ئەمڕۆ پێشبینییەکان گۆڕان و دەزگاکانی کەشناسی لەبارەی ماوەی بەردەوامیی شەپۆلەکەوە پێشبینییان کرد 5 ڕۆژی دیکەش بەردەوام بێت.

جوڵە و کشانبی ناوچەی پەستانی بەرز

ئەمڕۆش گەرماییەکی بەهێز ناوچەکانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپای گرتەوە، کە ناوچەی پەستانی بەرز لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیاوە بەرەو ڕۆژهەڵات، بۆ پۆڵەندا و وڵاتانی بەڵتیک و بێلاڕووس و ئۆکرانیا و باڵکان ڕۆیشت و پێشبینی دەکرێت وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا و باکووری ئەورووپاش بگرێتەوە.

تۆمارکردنی ڕیکۆردێکی مێژوویی لە پلەکانی گەرمامدا

پلەکانی گەرمای ئەمڕۆ لەنێوان 40 بۆ 43 پلەی سەدی بوون و پێشبینیش دەکرێت پلە گەرما بەرزەکان لەسەر ئاستی کیشوەرەکە لانیکەم تاوەکو 5 ڕۆژی دیکەش بەردەوام بن، ئەمە دووەم شەپۆلی گەرمایە لە هاوینی ئەمساڵدا ڕوو لە وڵاتانی ئەورووپا بکات، کە ڕیکۆردێکی مێژوویی و دەگمەنە لە مێژووی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەورووپا.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا