ئیسرائیل بە فەرمی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانی وەکو جینۆساید ناساند
ئەمڕۆ حکومەتی ئیسرائیل بە کۆی دەنگ کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکانی لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەمدا بە فەرمی وەکو جینۆساید ناساند، هەنگاوێک کە بەشێوەیەکی بەرفراوان وەکو وەڵامێک بۆ تورکیا و ئاماژەیەکی ڕوونی قووڵبوونەوەی ناکۆکیی نێوان هەردوو وڵات سەیر دەکرێت.
"بە هەنگاوێکی مێژوویی ناوبراوە"
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل هەنگاوەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد و ڕایگەیاند، حکومەتی ئیسرائیل بە کۆی دەنگ پێشنیازەکەی وەزیری دەرەوەی بۆ داننان بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا پەسەند کرد، هەرچەندە لە قۆناغی کۆتاییدا بڕیارەکە دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت.
تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا بەشێوەیەکی بەرچاو تێکچووە.
خۆ بە دوورگرتنی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیل
حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیل، خۆیان لە دانپێدانانی فەرمیی کۆمەڵکوژیی ئەرمینییەکان بەدوور گرتبوو، بەشێکی بە مەبەستی پاراستنی پەیوەندییەکانیان بووە لەگەڵ تورکیا، کە سەردەمانێک یەکێک بوو لە نزیکترین هاوبەشە ستراتیجییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
سەرەتای ناکۆکی بەردەوامی ئێستای تورکیا و ئیسرائیل
بەڵام لەوەتەی جەنگی غەززە دەستیپێکردووە، تورکیا بەردەوام ئیسرائیلی تۆمەتبار کردووە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە خاکی فەڵەستیندا، تۆمەتێک کە تەلئەڤیڤ بە توندی ڕەتی دەکاتەوە.
نیگەرانییەکانی ئەردۆغان
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، یەکێکە لە ڕەخنەگرانی جەنگەکە و بەردەوام سەرکردەکانی ئیسرائیلی بە "سەرکردە نازییەکان" بەراورد کردووە.
تۆمەتبارکردنی ئەردۆغان
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە وەڵامدا، ئەردۆغانی بە "جینۆسایدکردنی کورد" تۆمەتبار کرد.
کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان
ئەرمەنییەکان داوای دانیپێدانانی نێودەوڵەتی دەکەن کە کۆمەڵکوژییەکانی گەلەکەیان لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا لە نێوان ساڵانی 1915 بۆ 1917 جینۆساید بووە.
ڕەتکردنەوەی لە لایەن تورکیاوە
ئەوان دەڵێن 1.5 ملیۆن ئەرمەنی گیانیان لە دەستداوە، بەڵام تورکیا بە توندی تۆمەتی جینۆساید ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت هەردوو ئەرمەنی و تورک لە ئەنجامی جەنگی جیهانیی یەکەمدا گیانیان لە دەستداوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا