ڕێواز فایەق: دەرکەوت بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵاڵی نێوان بەرپرسان و سەرمایەردارانن

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
رێواز فایەق، سەرۆکى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان. فۆتۆ: کەناڵ8
رێواز فایەق، سەرۆکى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان. فۆتۆ: کەناڵ8

ڕێواز فایەق، سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لە بنەرەتدا دەبێت پەرلەمانتار چاودێر بێت لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پاراستنی ماڵی گشتی، بەڵام دەرکەوت بەشێکیان بوونەتە نێوەندگیر و دەڵاڵی نێوان بەرپرسان و سەرمایەداران.

نێوەندگیری نێوان بەرپرسان و سەرمایەداران

لەو بارەیەوە ڕێواز فایەق گوتی " ئەسڵ ئەوەیە، پەرلەمانتار ئەوەندەی لە توانایدایە، چاودێر بێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ماڵی گشتی بۆ خۆی نەپێچێتەوە، بەڵام بەداخەوە دەرکەوت بەشێکی پەرلەمانتارانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەك ئەو ئەرکە جێبەجێ ناکەن بگرە دەڵاڵ و نێوەندگیرن لە نێوان بەرپرسانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و سەرمایەداراندا و پێکەوە بە جیاوازی نەتەوە، ئایین، ئایینزا ، تۆڕی گەندەڵی و بەرتیل و خاوە و شیرینی وەرگرتنیان دروستکردوو".

هەموو هەوڵێک بۆ بوون بە پەرلەمانتار

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر گوێبیستی ئەو هەواڵانە دەبوون، کە کەسانێک لە شاڕەزای یاسا و ئابوورین و نە دەزانن پرۆژە یاسایەک بوون، یاخود پڕسیارێکی پەرلەمانی ئامادە بکەن، بەڵام ئامادەن بۆ گەیشتن بە پەرلەمان کۆکراوەی دە ساڵی  ئەندامیەتی پەرلەمان پارە خەرج بکەن.

سەرسووڕمان لە هاوکێشەیەکی ژمارەیی

ڕێواز فایەق گوتووشیەتی " جاران سەرمان لەو هاوکێشە ژمارەییە دەرنەدەچوو، ئێستا جوان بۆمان ڕوونبووەوە کە ئەوانە زۆرێکیان دەڵاڵی خاوەن پرۆژەکانن و خاوە و شیرینی وەردەگرن و ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نیە مووچەکانیانە".

جێبەجێ بوونی حوکمی دادپەروەرانی خوا

لە کۆتایدا سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان داواکارە خوای گەورەو دادپەروەرحوکمی دادپەروەرانەی خۆی بەسەر هەموو ئەوانەدا بدات، کە سەرباری مووچە و ئیمتیازاتی قانونی و ئسوڵی خۆیان، دەستیان لە تاڵانکردنی ماڵی گشتیدا هەبووە و هەیانە.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا