تەندروستيی عێراق: ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ بیمەى تەندروستى پارێزگاکانى هەرێم کرا
عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق، ڕایگەیاند ڕێککەوتنی سەرەتایی کراوە بۆ ئەوەى خزمەتگوزاریى بیمەى تەندروستى، پارێزگاکانى هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.
تاوتوێکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە هاوڵاتیان
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، لەگەڵ سامان بەرزنجى، وەزیری تەندروستی حکومەتى هەرێمى کوردستان، عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیرى تەندروستیى عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بە هاوڵاتییان تاوتوێ کراون.
ڕێککەوتن لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی دابینکردنی دەرمان
گوتیشى، ڕێککەوتن لەسەر ژمارەیەک دۆسیەى تایبەت بە دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان، جێبەجێکردنی یاسای دەستەبەری تەندروستی، گەشەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی شوشتنى گورچیلە و بەرنامەکانی بەخشینی ئەندامانی لەش، گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان
وەزیرى تەندروستیى عێراق، ئەوەشى ڕوونکردەوە، هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە کە ڕێگریی لەوە بکات بیمەى تەندروستیى دانیشتووانى هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.
بەردەوامی لەسەر هەماهەنگی هاوبەش
موسەوى دەشڵێت، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی هاوبەش و کاراکردنی میکانیزمەکانی هاوکاریی نێوان هەردوو وەزارەت و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەى لەسەری ڕێککەوتوون.
2 کاتژمێر پێش ئێستا