پێشانگەی ئەفسانە کوردییەکان کرایەوە
لە پێشهاتێکی نوێی هونەرییدا لە شاری سلێمانی، پێشانگەیەکی نوێی شێوەکاریی لەبارەی ئەفسانە کوردییەکان کرایەوە.
لەبارەی ئەفسانە کوردییەکانە
بە سەرپەرشتیی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی سلێمانی، پێشانگەیەکی نوێی شێوەکاریی بە ناونیشانی "پێشانگەی ئەفسانە کوردییەکان" کرایەوە.
لە ئاستی ناوەڕۆکدا، ئەم پێشانگەیە لەبارەی ئەفسانە کوردییەکانە، بە گوتەی مەریوان جەلال ڕێکخەری پێشانگەکە، دەڵێت "نووسینەوە، کۆکردنەوە و گێڕانەوەی چیرۆک و ئەفسانە کوردییەکان، یەکێکە لە بنچینەییترین هەنگاوەکان بۆ پاراستنی شوناس و زمانی منداڵی کورد لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بێت... ئەم پڕۆژەیە تەنها بۆ بیرخستنەوەی چیرۆکەکان نیە، بەڵکو دەبێت ببێتە پڕۆژەیەکی بەردەوام و زیندوو بۆ هونەرمەندان و نووسەران، تا لە ڕێگەیەوە نەوەی نوێ (چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی کوردستان) هەمیشە پەیوەست بن بە ڕەگ و ڕیشەی کلتوریی خۆیانەوە."
چەند هونەرمەندێک بەشدارن
لەم پێشانگە هونەرییەدا، ژمارەیەک هونەرمەندی شێوەکار بەشدارن و کارەکانیان نمایش دەکەن، لەوانە: ئاریان لەتیف، جەمشید پەروێزیان، چیا فەتحی، حەمە هاشم، عەباس مەندە، ساکار فاروق، شیلان هۆشیاری، فەلاح شوان، گەیلان عەبدوڵڵا، لوقمان ئەحمەد، ماهیر ستار، مەریوان جەلال و هیوا عەزیز.
چەند ڕۆژێک کراوە دەبێت
پێشانگەکە ڕێکەوتی 28ی حوزەیران، کاتژمێر پێنج بۆ حەوتی ئێوارە، لە کارگەی کولتووری سلێمانی کرایەوە و بڕیارە ڕۆژانی 29ی حوزەیران و یەکی تەمموز، لە دوو کاتی جیاوازدا، بەیانیان 10 بۆ 12ی نیوەڕۆ و پێنج بۆ حەوتی ئێوارە کراوە دەبێت.

2 کاتژمێر پێش ئێستا