خامنەیی: ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل بگیرێتەبەر

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
موجتەبا خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەى ڕاسپارد ڕێکاری یاسایی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل بگرێتەبەر بۆ داواکردنی قەرەبووی ئەو زیانە مرۆیی و ماددیانەی لە ماوەی جەنگدا تووشی وڵاتەکە بووە.

سزادانی ئەمریکا و ئیسرائیل

ئەمڕۆ یەکشەممە موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکەیدا بۆ بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکەی ڕایسپاردوون بەرامبەر "خوێنڕشتن و زیانی جەستەیی و ماددی" کە بەر ئێران کەوتووە، ڕێکار بگرنەبەر و داواى قەرەبووکردنەوەی زیانی ناوەندە پزیشکی و خزمەتگوزارییەکان و سزادانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکەن بەرامبەر بە کوشتنی منداڵان و بەساڵاچووان، کە ڕێبەری ئێران بە "هەزاران دۆسیەی یاسایی" ناویان دەبات و بەپێویستى دەزانێت دادگا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بە جددی بەدواداچوونیان بۆ بکەن و ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

دانپێدانانی لێپرسراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکرێنە بەڵگە

ئاماژەی بەوەشکرد، لێدوانی چەند سەرکردەیەکی ئەمریکی و ئیسرائیل، کە باسیان لە هێرشەکان کردووە و تەنانەت شانازییان پێوەکردوون "دانپێدانانە بە تاوانەکاندا" و موجتەبا بۆچوونى وایە "زەمینەی یاساییە بۆ دەستەبەرکردنی مافی گەلی ئێران".

پەرەپێدانی ڕێوشوێنە دادوەرییەکان

خامنەیی، پێداگری لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی ڕێوشوێنە دادوەرییەکانی پەیوەست بەو جەنگی دژ بە ئێران دەکات، کە بە "جەنگی سەپێنراوی دووەم" ناوی بردووە و داوای بەردەوامبوون لە بەدواداچوونی ئەو دۆسیانە دەکات تاوەکو ئەو کاتەی بڕیارەکان دەردەچن و جێبەجێ دەکرێن.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا