شیروان دووبەردانی: لیستی ئەو کەسانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە نزیکەی 120 کەسن

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا

شیروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی نێوان دادگا و سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە هەڵگیراوە و دەستگیر کراون، ئاشکرایشیکرد لیستەکە نزیکەی 120 کەسە، کە فەرمانی دەستگیر کردنیان هەیە.

لیستەکە نزیکەی 120 کەسن

 ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگادارن دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی و عەلاء جوبەیری، لیستێکە زۆرە و ئەوەی ئەوان ئاگادارن لیستەکە زیاتر لە 120 کەسە، تا ئێستا  12 پەرلەمانتاری تێدایە، جگە لە بەرپرسانی دیکەی و چەندین لێپرسراوی تر و ڕاوێژکاران و تەنانەت فەرمانبەران لە ئەنجوومەنی نوێنەران.

بەردەوام دەستگیر کراوان زیاتر دەبێت

دووبەردانی ئاماژەی بەوەشکرد،بەردەوام ژمارەکە زیاتر دەبێت، بە تایبەت دوای ئەوەی دادگا داوای لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد، پارێزبەندی لەسەر ئەو کەسانە هەڵبگرێت کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و ناویان لە لیستەکەدا هەیە.

پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان چی دەڵێت لەسەر دەستگیرکردنیان

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشکرد، پەیرەوی ناوخۆیی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ڕوونی ئاماژە دەکات بەوەی کاتێک ئەنجوونەکە لە پشووی یاسادانانی خۆیدا بێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی بە هەماهەنگی، دەسەڵاتیان هەیە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامی پەرلەمان.

بەڵام ئەگەر پشوو نەبێت، دەبێت زۆرینەی ڕەها دەنگ بدەن لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەندامی پەرلەمان، دیارە ئێستاش ئەنجوومەنی نوێنەران لە پشووی یاسادانانی خۆیدایە، بۆیە دیارە سەرۆکوەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ دادگا و سەرۆکایەتی ئەنجوومەن پارێزبەندییان هەڵگرتووە و ئەو 12 پەرلەمانتارە دەستگیر کراون.

بڕی پارەی دەستبەسەراگیراو تا ئێستا

سەبارەت بە بڕی پارە دەستبەسەراگیراوەکان کە لە لای ئەو بەرپرسانە دەستی بەسەردا گیراوە، شیروان دووبەردانی ڕایگەیاند، هەندێک دەڵێن تا ئیستا بڕی 800 ملیۆن بۆ یەک ملیار دۆلار دەستی بەسەردا گیراوە.

هەڵمەتی دەستگیرکردنەکان بەردەوامە

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا شیروان دووبەردانی سەبارەت بە هەڵمەتەکەش ، ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستاش پرۆسەکە بەردەوامە لە دەرەوەی ناوچەی سەوز و گەڕەکانی بەغداد و پارێزگاکانی دیکەی باشووری عێراق و موسڵیش درێژەی هەیە و چەند پەرلەمانتار دەستگیر کراون، لێرەشەوە دەردەکەوێت پرۆسەکە گەورە و فراوانە بۆ دەستگیر کردنی ئەو کەسانەی کە ناویان هەیە، هەرچەندە هەندێک هەڵاتوون و دەستگیر نەکراون.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا