سەرۆککۆمارى عێراق و خەزعەلى جەختیان لە پاراستنى موڵک و ماڵى گشتى کردەوە
نزار ئامێدى، سەرۆککۆمارى عێراق، لە کۆشکى سەلام لە بەغداد، لەگەڵ قەیس خەزعەلى، سەرۆکى بزوتنەوەى عەسائیبى ئەهلى حەق، کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگى ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و پاراستنى موڵک و ماڵ و پارەى گشتیی کردەوە.
تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی ناوخۆ و ناوچەکە
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوى، سەرۆکایەتیى کۆمارى عێراق، ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـى حوزەیرانى 2026، نزار ئامێدى، لەمیانى کۆبوونەوەى لەگەڵ شێخ قەیس خەزعەلى، دۆخى سیاسیی ناوخۆى عێراق و ناوچەکە و ئەو ئاڵنگارییانەیان تاوتوێکرد و جەختیانکردەوە، پێویستە بە ڕۆحى بەرپرسیارانە و هاوکارییەوە لە دۆخى ناوخۆى عێراق بڕوانرێت.
جەختکردنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆککۆمارى عێراق، جەختی لە پێویستى ئەو هەوڵانەى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى گەندەڵى و لەناوبردنى لەڕێگەى پاڵپشتى دامەزراوەکانى چاودێرى و دادوەرى و چالاککردنى ڕێکارەکان بەمەبەستى پاراستنى موڵک و ماڵ و پارەى گشتى، دەدرێن کردەوە.
پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گۆڕانکارییەکانى سەر گۆڕەپانى هەرێمیى و نێودەوڵەتى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و دانوستان و گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکان، کە دەبنە پەرەپێدانى ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکە و پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکانى عێراق، بە گرنگ وەسفکرا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا