دادوەری دەستپاکی وردەکاری دەستگیرکردنی بەرپرسانی ڕاگەیاند
دادوەریی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، وردەکاری دەستگیرکردنی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی ئاشکراکرد، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە دەستگیرکران و دەڵێت، پەیوەندییان بە دۆسیەى بریکارەکەی وەزیرى نەوتەوە هەیە.
ژمارەیەک بەربژێر پارەیەکی بێشوماری دەوڵەتیان بۆ بانگەشە بەکارهێناوە
زیا جەعفەر لە ڕوونکردنەوەیەکدا گوتى "لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی 2025ــەوە دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی زانیارییان بەدەست گەیشت، کە ژمارەیەک بەربژێر پارەیەکی بێشوماریان لە سامانی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێناوە.
کەسانی دەستڕۆیشتوو لە پشت ئەو بەربژێرانەوە بوون
ئەو دادوەرە باسلەوە دەکات، کەسانی دەستڕۆیشتی حکومەتی پێشوو لە پشت ئەو بەربژێرانەوە بوون، لەبەر گرنگی و وردی ئەو تاوانە، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە لێکۆڵینەوە بەردەوام بووین.
سوودیان لە گرێبەستەکانی حکومەت وەرگرتووە
دادوەرەکە دەشڵێت، دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی و لە کاتی بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان، دەرکەوت ژمارەیەک پەرلەمانتار لە بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن تێوەگلاون، هەروەها سوودیان لە گرێبەستەکانی حکومەت وەرگرتووە بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان وەک نێوەندگیری و وەرگرتنی عمولە و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان.
لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکان دەکرێت
بە گوتەی ئەو دادوەرە، پێویست بووە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانە بکرێت، بۆیە لەسەر داواکاریی دادگاکەیان، ئەنجوومەنی نوێنەران پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە هەڵگرتووە.
دەستبەسەر پارە و بەڵگەنامەدا گیراوە
دادوەرەکەی دەستپاکی جەختلەوە دەکاتەوە، بە سەرپەرشتی سەرۆکانى ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەو پەرلەمانتارانە بەڕێوەچوو، هەروەها دەستبەسەر پارە و بەڵگەنامەکاندا گیراوە کە دەیسەلمێنێت سەرپێچی یاسایان کردووە.
بەشێک لە تۆمەتباران هەڵاتوون
بەگوێرەى ڕوونکردنەوەکەی دادوەری لێکۆڵینەوە دەستپاکی، تاوەکو ئێستا بەشێک لە تۆمەتباران هەڵاتوون و لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە لەژێر ڕۆشنایی بەڵگەکان بەردەوامە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێکاری یاسایی دژی کەسایەتیی سیاسی و کەسانی دیکە دەگیرێتەبەر.
2 کاتژمێر پێش ئێستا