عەلی زەیدی: ئەوەی ڕوویدا هێشتا سەرەتایە و تاوەکو گەندەڵکاران نەدەینە دادگا ناوەستین
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە بەردەوامیی پرۆسەی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە ئەوەی ڕوویداوە تەنیا قۆناغی یەکەمە. هاوکات لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا، چەند بڕیارێکی گرنگ لەبارەی دابینکردنی 25 هەزار مێگاوات کارەبا، دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی و تەرخانکردنی 30 ملیار دینار بۆ کەرتی تەندروستی دەرکران.
بەردەوامیی شەڕی دژی گەندەڵی
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەوەی ڕوویدا لە دەستگیرکردنی گەندەڵکاران، تەنیا قۆناغی یەکەمێتی، ڕاشیگەیاند، ڕاسپێردراوین بەم ئەرکە و تاوەکو تەواوی نەکەین ناوەستین.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و پاراستنی سامانی گشتی
شەوی یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی بەست و دواتر چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی بڵاوکردەوە. دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیێنراوێکی نووسینگەکەیدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پرۆسەی دەستگیرکردنی تۆمەتباران بە گەندەڵی ڕایگەیاند، دەبێت خەڵک دڵنیابێت ئێمە پاسەوانی ڕاستەقینەی پارەکانیانین و ناهێڵین چیدی گەندەڵکاران و ئەوانەی پارە دەدزن لەنێو جومگەکانی دەوڵەت بەردەوام بن.
پەرەپێدانی کەرتی کارەبا
عەلی زەیدی لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتووەوە ڕایگەیاند، بڕیاردراوە لە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراقدا پارە بۆ پرۆژەیەک دابین بکەن کە توانای هەبێت 25 هەزار مێگاوات کارەبا بۆ هاووڵاتییان لە ساڵی 2027دا دابین بکات.
دابەشکردنی زەوی بەسەر هاووڵاتییاندا
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، زەیدی بڕیاریداوە، جگە لە هەرێمی کوردستان، لە هەموو پارێزگاکان 1 ملیۆن پارچە زەوی دابەشبکرێت بەسەر هاوڵاتییاندا.
سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیا بیانییەکاندا
زەیدی لەبارەی پابەندکردنی کۆمپانیاکانی وزەوە ڕایگەیاند، وەزارەتی نەوت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپاردووە، کۆمپانیا بیانییەکانی وزە کە لە عێراق کاردەکەن، دەبێت پابەند بکرێن بە پێدانی 35%ـی باج بە حکومەتی عێراق.
پشتگیریکردنی کەرتی تەندروستی
زەیدی لەبارەی دابینکردنی پێداویستیی پزیشکییەوە ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری ئەوەشی داوە بڕی 30 ملیار دینار خەرجدەکرێت بۆ وەزارەتی تەندروستی بۆ مەبەستی کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی.
2 کاتژمێر پێش ئێستا