هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا دەستپێکردۆتەوە
داتاکانی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا دەریانخستووە کە عێراق هەفتەی ڕابردوو دەستیپێکردەوە بە هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئەمریکا، و بڕی هەناردەکردنەکەش 71 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە، ئەمەش دوای ئەوەی هاوردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لە هەفتەی پێشوودا دابەزیبوو بۆ 0 بەرمیل.
پێشەنگەکانی لیستی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا
بەگوێرەی ئەو داتایانەی کارگێڕیی زانیاریی وزەی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، کەنەدا بە بڕی 3 ملیۆن و 551 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە پێشەنگی لیستی دابینکەرانی نەوتی خاو بۆ ئەمریکا دێت، دوای ئەویش ڤەنزوێلا هاتووە بە بڕی 578 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕیزبەندی دووەمی گرتووە، پاشان مەکسیک بە 346 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا سێیەم هەناردەکاری نەوت بووە بۆ ئەمریکا، دواتر کۆڵۆمبیا بە 218 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئیکوادۆریش بە 174 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕیزبەندی پێنجەمی گرتووە.
ڕیزبەندیی وڵاتانی دیکە لە هاوردەکردنی نەوتدا
هاوردەکردن لە لیبیا 116 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە و ڕیزبەندی شەشەمی گرتووە، لە عێراقەوە 71 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕیزبەندی حەوتەمی گرتووە، لە بەرازیلیشەوە 70 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، لە کۆتاییشدا ئەمریکا ڕۆژانە 3 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی لە نەیجیریا هاوردە کردووە و هیچ بڕە نەوتێکیشی لە سعوودیەوە هاوردە نەکردووە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا