وەزارەتی نەوت سەرقاڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی هەناردەی نەوتە لە ڕێگای تورکیاوە

یاد نەوزاد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی نەوتی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی نەوتی عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای هاوبەشی بە بەشداریی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند. ئامانجی لیژنەکە داڕشتنی ڕێککەوتنێکی نوێی هەناردەکردنی نەوتی خاوە لەرێگەی بۆریی عێراق-تورکیاوە، بەجۆرێک کە ئاستی هەناردەکردنەکە بگەیەنرێتە 350 بۆ 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

پێکهاتە و ئەرکی لیژنە هاوبەشەکە

سەلیم ڕیکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی پێکهێنانی لیژنەکەوە بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە "حکوومەتی عێراق لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە کە نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە، ئەم لیژنەیە ئەرکی بەڕێوەبردنی دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی تورکی پێسپێردراوە بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی نوێی هەناردەکردنی نەوتی خاو کە جێگەی ڕێککەوتنەکەی پێشووتر دەگرێتەوە، بەشداریکردنی لیژنەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی وەزارەتەکانی نەوت و دەرەوە و دارایی دەبێت لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانی."

مسۆگەرکردنی بەردەوامیی هەناردەی نەوت

سەلیم ڕیکابی لەبارەی ئامانجی بەشداریی لایەنەکانەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەکە بەشدارییەکی کارای لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەخۆگرتووە، ئەوەش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ڕوون و شەفاف کە بەردەوامبوونی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی عێراق- تورکیاوە مسۆگەر بکات و سەقامگیریی هەناردە بۆ بازاڕە جیهانییەکان بپارێزێت.

پلانی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن

گوتەبێژی وەزارەتی نەوت لەبارەی نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی وادەی ڕێککەوتنەکەوە دووپاتی کردەوە کە نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی ئێستا وای کردووە هەوڵەکان بۆ خێراکردنی دانوستانەکان زیاتر بکرێن، بەجۆرێک کە نوێنەرایەتیی هاوبەشی نێوان بەغداد و هەولێر دەتوانێت چارەسەری پێویست بۆ بەردەوامی و زیادکردنی ئاستی هەناردەکردنەکە بدۆزێتەوە، بەتایبەت کە عێراق پلانی هەیە ئاستی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانییەوە بۆ زیاتر لە 350 بۆ 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە.

یاد نەوزاد

1 کاتژمێر پێش ئێستا