بۆ گەڕاندنەوەی 118 ملیار دینار بۆ بەغداد؛ هاونیشتمانیان لە بریکارەکانی خۆراک 250 دیناری زیاتریان لێوەردەگیرێت

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
هەر هاونیشتمانییەک 250 دینار زیاتر بە بریکارەکانی خۆراک دەدات تا 118.2 ملیار دینارى پارەى بەشەخۆراک بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغداد
هەر هاونیشتمانییەک 250 دینار زیاتر بە بریکارەکانی خۆراک دەدات تا 118.2 ملیار دینارى پارەى بەشەخۆراک بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغداد

لەگەڵ دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە لە هەرێمی کوردستان، هاونیشتمانیان 250 دینار زیاتر دەدەنە بریکارەکانی خۆراک بەراورد بە هاووڵاتییانی عێراق، هۆکارەکەشی پەیوەستە بە زیاتر لە 118 ملیار دینار کە وەزارەتی بازرگانیی هەرێم لە 2004 بۆ 2021 بۆ بەغدادی نەناردووە و پەرلەمانتارێکیش لە 9ـی ئەم مانگە سکاڵای لە داواکاری گشتی تۆمار کردووە.

سکاڵای یاسایی و ڕوونکردنەوەی وەزارەت

کاوە شێخ عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، بە کەناڵ8ـی گوت "پاش تۆمارکردنی سکاڵاکەمان لە داواکاری گشتی، وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان پەیوەندییان کرد پێمەوە و ڕوونکردنەوەیان دا کە لەسەر داوای بەغداد ئەو 250 دینارە لە هاونیشتمانیان وەردەگرن".

قەرزەکانی نێوان هەولێر و بەغداد

کاوە شێخ عەلی لەبارەی قەرزەکانی نێوان هەردوو وەزارەتەکەوە گوتیشی "وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئەوەیان دووپاتکردەوە، کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق قەرزارووی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە و لەو بڕی 118 ملیار دینارەش زیاترە".

نایاساییبوونی پاکتاوکردنی قەرز لەسەر حیسابی خەڵک

کاوە شێخ عەبدوڵا، ئەوەشی خستەڕوو پاش ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی بازرگانیی هەرێم نووسراویان ئاراستەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردووە، کە ئایا لەسەر داوای ئەوان ئەو 250 دینارە زیاتر لە هاونیشتمانیان وەردەگیرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە، بەڵام ئەگەر لەسەر داوای ئەوانیش بێت کارەکە نایاساییە و هەردوو حکوومەت دەتوانن پاکتاوی قەرزەکانیان بکەن، بەڵام نابێت پاکتاوی قەرز لەسەر گیرفانی هاونیشتمانیان بێت.

بڕی ئەو پارەیەی هەرێم بۆ بەغدادی نەناردووە

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بڕی 118 ملیار و 207 ملیۆن و 463 هەزار دینار قەرزاری بەغدادییە، ئەوەش ئەو پارەیە لە بەرامبەر پێدانی بەشەخۆراک بە هاونیشتمانییان وەرگیراوە.

زیادبوونی نرخی بەشەخۆراک لە دهۆک

هاجەر ئەرزاق، بەڕێوەبەری بەشەخۆراکی دهۆک، بەکەناڵ8ـی ڕاگەیاند "لە هەموو عێراق وەرگرتنی پارەی بەشەخۆراکی مانگانە لە 500 دینار بۆ 1250 دینار زیادیکردووە، لە هەرێمی کوردستان پێشتر تەنیا 500 دینار بوو، ئێستا بۆ 1500 دینار زیادیکردووە".

کاتییبوونی وەرگرتنی ئەو 250 دینارە زیاترە

هاجەر ئەرزاق لەبارەی هۆکاری ئەو جیاوازییەوە ڕاشیگەیاند "250 دینار لەو بڕە پارەیەی لە هاونیشتمانیان وەردەگیرێت پەیوەندی بەو 118 ملیار دینارەوە هەیە کە گرفتە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کە زیادکردنی ئەو 250 دینارە تا ئەو کاتەیە چارەسەر بۆ ئەو پرسە دەدۆزرێتەوە".

دۆخی دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی

هەروەها کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند "لە هەموو عێراق پارەی بەشەخۆراک زیادیکردووە و بۆ 1250 دینار، بەڵام ئێمە 1500 دینار وەردەگرین و 250 دیناری پەیوەندی بە گرفتی 118 ملیاری نێوان وەزارەتی بازرگانیی هەرێم و عێراقەوە هەیە تا ئەو کاتەی چارەسەر دەکرێت بەردەوام دەبێت یان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو 118 ملیار دینارە پاکتاو دەکرێت".

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا