بەشێک لە هاوسەران پاش جیابوونەوە زێڕى مارەیی پاشەکییان بۆ دەکڕدرێتەوە

ئارا ئیبراهیم 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دووکانێکی ئاڵتوون و زێڕ لە هەرێمی کوردستان، فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
دووکانێکی ئاڵتوون و زێڕ لە هەرێمی کوردستان، فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

ئەو زێڕەی لە گرێبەستی هاوسەرگیری وەک مارەیی پاشەکی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەشێک لەو هاوسەرانەی جیادەبنەوە، لە بازاڕی زەڕەنگەران دەیکڕنەوە و قەرزی مارەییەکەیان دەدەنەوە.

پشتڕاستکردنەوەی حاڵەتەکان لەلایەن سەندیکای زەڕەنگەرانەوە

دلێر تاهیر، سەرۆکی سەندیکای زەڕەنگەرانی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند "حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران هەبووە 19 مسقاڵ یان 20 مسقاڵ زێڕی هاوسەرەکەی قەرزار بووە بەگوێرەی مارەییەکەی، هاتووە زێڕەکەی بۆ کڕیوەتەوە و بۆی بردووەتەوە".

تۆمارکردنی حاڵەتی نوێ لە مانگی ڕابردوودا

دلێر تاهیر لەبارەی دوایین حاڵەتی کڕینەوەی زێڕی مارەییەوە ڕاشیگەیاند "مانگی ڕابردوو حاڵەتێکی وا هاتووە و 19 مسقاڵ زێڕی پاشەکی بۆ هاوسەرەکەی کڕیوەتەوە کە لێی جیابووەتەوە".

ئاماری گشتیی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هەر چوار پڕۆسەی هاوسەرگیری، یەک حاڵەتی جیابوونەوە هەیە و زۆرترین ڕێژەی جیابوونەوەش لە هەولێر و سلێمانییە.

داتاکانی ئەنجوومەنی دادوەری لە ساڵی 2025

بەگوێرەی داتاکانی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2025 کۆی گشتیی 61,328 پڕۆسەی هاوسەرگیری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام لەو ژمارەیە 15,826 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگاکان تۆمارکراون، کە لە هەر چوار هاوسەرگیرییەک، یەکێکیان بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە.

ڕیزبەندیی پارێزگاکان لە ڕووی ئەنجامدانی هاوسەرگیرییەوە

لە ئامارەکەدا هاتووە کە پارێزگای سلێمانی بە تۆمارکردنی 25,687 پڕۆسە، زۆرترین هاوسەرگیریی لێ ئەنجامدراوە. دوای ئەو، پارێزگای هەولێر دێت بە 19,620 پڕۆسە، پاشان پارێزگای دهۆک بە 12,955 پڕۆسە و لە سنووری کەرکووک/گەرمیانیش 3,066 پڕۆسەی هاوسەرگیری تۆمارکراون.

ڕێژەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بەپێی پارێزگاکان

سەبارەت بە حاڵەتەکانی جیابوونەوە، پارێزگای هەولێر زۆرترین ڕێژەی تۆمارکردووە کە 7,113 حاڵەت بووە، لە پارێزگای سلێمانی 5,396 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە، لە دهۆک 2,354 حاڵەت و لە سنووری کەرکووک/گەرمیانیش 990 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون.

ئارا ئیبراهیم

3 کاتژمێر پێش ئێستا