عەلی زەیدی: شەو و ڕۆژ گەندەڵکاران ڕاو دەنێین
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هێشتا لە سەرەتادایە و کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامن لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. سەرۆکوەزیران لەبارەی چاودێریکردنی وەزیرەکانیشەوە ڕایگەیاند، هەر لایەنێک تێبینیی لەسەر وەزیرەکان هەیە، بۆی بنێرێت و بیسەلمێنێت، نایهێڵێت یەک کاتژمێر زیاتر لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران لە دوای دەستگیرکردنی بەرپرسان
لە پاش هەڵمەتی دەستگیرکردنی 47 بەرپرس و پەرلەمانتاری عێراقی بە تۆمەتی گەندەڵی، عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی عێراقدا ڕایگەیاند، شەو و ڕۆژ گەندەڵکاران ڕاو دەنێن.
نەبوونی پارێزبەندی بۆ گەندەڵکاران
عەلی زەیدی لەبارەی ئامانجی سیاسیی خۆی و دۆخی وڵاتەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو نیازی خۆبەربژێرکردنەوەی نییە و ناشیەوێت دوژمن بۆ خۆی پەیدا بکات، بەڵام بە گوتەی ئەو، دۆخەکە بە جۆرێکی لێهاتووە ناکرێت بێدەنگ بن لێی. سەرۆکوەزیران لەبارەی پارێزبەندیی بەرپرسانەوە ڕایگەیاند، لەم حکوومەتەدا گەندەڵکار هیچ پارێزبەندییەکی نییە.
گەڕاندنەوەی پارەی گشتی و چاودێریکردنی وەزیرەکان
عەلی زەیدی لەبارەی پاراستنی مافی هاووڵاتییانەوە ڕایگەیاند، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هێشتا لە سەرەتادایە و کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی، هەرکەس پارەی گشتی لەلا بێت، دەبێت بیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەکەی، پارەی گەل دەگەڕێتەوە بۆ گەل من لەلایەن هاووڵاتییەکەوە هەڵبژێردراوم کە دەیانەوێت هیوا بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەیان، من ئەمڕۆ بەرپرسیارم لە خەڵک و خوێن و بەرژەوەندییان، ناتوانم بێدەنگ بم بەرامبەر هەر هەڵەیەک و لە بەرژەوەندیی گەلەکەم بێدەنگ بم ئەم حکوومەتە، حکوومەتێکی تایبەت دەبێت، من هیوادارم هەر لایەنێک چاودێری لەسەر وەزیرێکی ئەم حکوومەتە هەیە بۆم بنووسێت و ئاگادارم بکاتەوە، بڵێت ئەو وەزیرە ئەم ئاماژەیە هەیە لەسەری و بیسەلمێنێت، ئەوکات با ببینن هەڵوێستم چۆن دەبێت، نایهێڵم یەک کاتژمێر زیاتر لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.
کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا
زەیدی سەبارەت بە قۆناغی نوێی عێراقەوە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ عێراق پەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە، عێراقێکی نوێ، چەک لەدەستی دەوڵەتدا کۆدەکرێتەوە و دەوڵەت تاکە خاوەنی هێزە، ئەوەی وادەزانێت لە دەوڵەتدا دەوام بکات و پارەی هەتیو و هەژارەکان بدزێت ئەوا هەڵەیە، لای من نامێنێتەوە شەو و ڕۆژ ڕاوی دەنێم، من پەیامێک بە گەلەکەم دەدەم، من ئامادەم تەمەنم بکەمە قوربانی من نیازم لە دووبارە خۆهەڵبژاردنەوە و بەربژێربوونەوە نییە ناشمەوێت دوژمنی نوێ پەیدا بکەم، بەڵام ئەو دۆخەی دەیبینین ناکرێت بێدەنگ بین لێی، لەم حکوومەتەدا گەندەڵکار هیچ پارێزبەندییەکی نییە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا