ئەکسیۆس: ئێران و ئەمریکا لە قەتەر لەسەر گەرووی هوورمز کۆدەبنەوە

یەسنا ئومێد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ئاڵای ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان
ئاڵای ئەمریکا و ئێران لەسەر مێزی دانوستانەکان

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتوون لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر یەکتر و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان. بڕیاریشە ڕۆژی سێشەممە (30/6/2026) لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆبوونەوەیەک لەبارەی خاڵە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی گەرووی هوورمز و هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان بەڕێوەبچێت.

دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران

لە پاش ئەنجامدانی ژمارەیەک هێرش بۆ سەر یەکدی، پێگەی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە کە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکاتەوە.

ڕاگرتنی هێرشەکان و کۆبوونەوە لە دەوحە

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هێرشەکانی سەر یەکتر ڕابگرن، بڕیاریشە ڕۆژی سێشەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەسەر ناکۆکییەکانیان لەبارەی گەرووی هوورمز کۆببنەوە.

دۆخی پەیوەندییەکان دوای لێکتێگەیشتنەکە

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە هێشتا 11 ڕۆژ بەسەر واژۆکردنی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران تێپەڕیوە و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەردوولا ژمارەیەک هێرشیان کردووەتە سەر یەک.

ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکان و ئازادیی کەشتیڕانی

لەسەر ئەم بابەتە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆسی ڕاگەیاند، ئەوان وەک ئەمریکا بڕیاریانداوە سەرجەم هێرشە سەربازییەکانیان ڕاگرن، هەردوو لایەن لە ئێستادا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە کەشتییە بازرگانییەکان بە ئازادانە گەرووەکە تێپەڕێنن.

تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی قەتەر

سەرچاوەیەکی دیکەی ئەکسیۆس کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی نێوان ئەمریکا و ئێرانی پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەکەی ئەمجارە لەبارەی خاڵە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە گەرووی هوورمز دەبێت و لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەدەچێت.

پرسی هێڵی پەیوەندیی گەرم لەگەڵ سوپای پاسداران

لە ماوەی دانوستانەکانی سویسرا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی تیمی دانوستانکار لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن کە هێڵێکی پەیوەندیی گەرم لە نێوان هێزەکانی ئەوان و سوپای پاسدارانی ئێران دروستبکرێت، تاوەکو لەسەر هاتوچۆی گەرووی هوورمز هەماهەنگییان هەبێت، بەڵام بەگوێرەی ئەکسیۆس تاوەکو ئێستا ئەم هێڵە گەرمە دروستنەکراوە.

هۆکاری گۆڕانکاری لە شوێن و بابەتی گفتوگۆکان

کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەش پێشتر بڕیاربوو لە سویسرا بەڕێوەبچێت و لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران گفتوگۆبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەو هەڵکشانانەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یەکدی دروستبوو، شوێن و بابەتی کۆبوونەوەکانیش گۆڕانکارییان تێداکرا.

یەسنا ئومێد

1 کاتژمێر پێش ئێستا