ئیسرائیل تونێلێکی حیزبوڵای لوبنانی تەقاندەوە و بەیروتی بۆردومان کرد؛ مەترسیی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ لە لوبنان هەیە
هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەرەی لوبنان زیاتر تاو دەسێنێت؛ ئیسرائیل تونێلێکی فرەوانی حیزبوڵای لە باشووری ئەو وڵاتە تەقاندەوە و حیزبوڵاش بەڵێنی وەڵامدانەوە دەدات. هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ڕێککەوتنەکە بە بێبەها و مەترسییەک بۆ سەر ئاشتیی ناوخۆیی وەسف دەکات.
ئاڵۆزبوونی دۆخی بەرەی لوبنان
بەرەی لوبنان تاوەکو دێت زیاتر تاو دەسێنێت و ئیسرائیل تونێلێکی بەرفراوانی تەقاندەوە و باشووری بەیروتیشی بۆردومان کرد، حیزبوڵاش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵەکانی ئەمریکا بەردەوامن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
تەقاندنەوەی تونێلەکەی حیزبوڵا
بنیامین نەتانیاهوو سەرۆکوەزیران و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بە تەقاندنەوەی تونێلێک کرد لە باشووری لوبنان، کە بە گوتەی ئەوان لە لایەن حیزبوڵاوە بەکاردەهێنرا و زیاتر لە 200 مەتر درێژ و 25 مەتر قووڵ بووە. کاتز و نەتانیاهوو لەبارەی نێوەڕۆکی تونێلەکەوە ڕایانگەیاند، سەدان جۆری جیاوازی چەک و چەندین سەکۆی هەڵدانی مووشەکی تێدابووە، کە بە گوتەی ئەوان مەبەست لێی بەئامانجگرتنی ئیسرائیل و هاوڵاتییانی سڤیلی ئیسرائیل بووە.
ئاگادارکردنەوەی ئەمریکا لە هێرشەکە
یسرائیل کاتز و بنیامین نەتانیاهوو، باسیان لەوەکردووە پێشوەختە ئەمریکا و نوێنەری ئەمریکایان لە لوبنان لەو هێرشە ئاگادارکردووەتەوە.
بۆردومانکردنی شاری نەبتییە و ئاوارەبوونی دانیشتووانەکەی
ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی لوبنانیش ڕایگەیاند، ئیسرائیل چەندین هێرش و بۆردومانی لە شاری نەبتییە لە باشووری لوبنان کردووە و دانیشتووانی بەشێک لە گوندەکان، لە ترسی هێرشەکان ناوچەکانیان بەجێهێشتووە. وەزارەتی تەندروستیش برینداربوونی 2 کەسی ڕایگەیاند.
هەڵوێستی حیزبوڵا بەرامبەر هێرشەکان
لە بەرامبەردا حیزبوڵا، هێرشەکانی ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەست ناوبرد و ڕایگەیاند "چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەکەین، مافی خۆشمانە بەرگری لە نیشتمان و گەلەکەمان بکەین".
ئەو ناوچانەی کراونەتە ئامانج
بە گوتەی حیزبوڵا، هێرشەکانی ئیسرائیل شارۆچکەکانی مەجدەل زون، نەبتییە و شارۆچکەکانی مەیفەدون و فرۆنیان لە باشووری لوبنان گرتووەتەوە و ناوچەی نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانج.
میکانیزمی چاودێریی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە
ئەم پەرەسەندنە هاوكاتە لەگەڵ ڕێككەوتنی بەیروت و تەلئەڤیڤ، بە گوێرەی هارتز، کە کۆنترین ڕۆژنامەی ئیسرائیلییە، ئیدارەی ئەمریکا بیر لە دامەزراندنی میکانیزمێکی چاودێریی ئاگربەست لە لوبنان دەکاتەوە، کە هاوشێوەبێت لەگەڵ ئەو میکانیزمەی لە غەززە جێبەجێکرا.
مانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی لوبنان
هارتز بە پشتبەستن بە سەرچاوە سەربازییەکان ئاماژەی بەوەکردووە، هێشتا سوپای ئیسرائیل هیچ فەرمانێکی بۆ کشانەوە لە هیچ ناوچەیەکی لوبنان وەرنەگرتووە.
ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنەکە لەلایەن نەبیە بەڕییەوە
لە لایەکی دیکەوە، نەبیە بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی چوارچێوەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بێبەهایە و 10 هێندە خراپترە لە ڕێککەوتنی 17ـی ئایار، جەختیشی کردەوە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ ناکرێت، هاوكات هۆشداری دا لە دروستبوونی ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ لە لوبنان.
هۆشداریدان لە دروستبوونی ئاژاوەی ناوخۆیی
نەبیە بەڕی کە سەر بە حیزبوڵایە، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئیخبارییەی لوبنانی داوای خۆگرتنی لە سەرجەم لایەنەکان کرد و هۆشدای دا لە قۆستنەوەی هەر جۆرە ناڕەزایەتی یان کاردانەوەیەکی سەر شەقامەکان بۆ نوقمکردنی وڵات لە ئاژاوە و ململانێی ناوخۆیدا. نەبیە بەڕی لەبارەی مەترسییەکانی ڕێککەوتنەکەوە گوتیشی "مەترسیدارترین لایەنی ڕێککەوتنەکە هەوڵدانە بۆ هاندانی دووبەرەکیی ناوخۆیی".
1 کاتژمێر پێش ئێستا