نزیکەی 15 ڕۆژە گەڕان بە دوای تەرمی ئەو گەنجەی لە ڕووباری سیروان خنکا بەردەوامە؛ ڕێڕەوی ئاوەکە دەگۆڕدرێت
نزیکەی 15 ڕۆژە گەڕان بەدوای تەرمی گەنجێکی 26 ساڵان لە ڕووباری سیروان بەردەوامە و گومان دەکرێت لەژێر ئاوەکەدا گیری خواردبێت. تیمی مەلەوانیی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە، ماوەی دوو ڕۆژە لە ڕێگەی شۆفڵ و حەفارەوە سەرقاڵی چاککردنی ڕێڕەوی ئاوەکەن.
بەردەوامیی گەڕان بەدوای تەرمەکەدا
نزیکەی 15 ڕۆژە گەڕان بەدوای تەرمی ئەو گەنجە 26 ساڵەی لە ڕووباری سیروان خنکا بەردەوامە، گومان دەکرێت لەناو ئاوەکە گیر بووبێت.
چاککردنی ڕێڕەوی ئاوەکە لەلایەن تیمەکانەوە
ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکی تیمی مەلەوانی لە بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە کەناڵ8ـی گوت "ماوەی دوو ڕۆژە بە شۆفڵ و حەفارە سەرقاڵی چاککردنی ڕێڕەوی ئاوەکەن لە نزیک پرۆژەی مارینای گەشتیاری لە گەرمیان".
قووڵیی شوێنی ڕووداوەکە
ئەو ناوچەیەی شۆفڵ و حەفارە کاری لێدەکات، 5 بۆ 10 مەتر قووڵە، ئەنوەر ئیبراهیم لەبارەی هۆکاری گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکەوە گوتی "گومان دەکەین تەرمی گەنجەکە لەژێرەوە گیری خواردبێت، هەربۆیە بە چاککردنی ڕێڕەوەکە، گەڕانی تیمەکانی مەلەوانی دەستپێدەکاتەوە".
هۆکاری سەرئاونەکەوتنی تەرمەکە
ئەنوەر ئیبراهیم لەبارەی کاتی سەرئاونەکەوتنی تەرمەکەوە دەشڵێت، لە هاویندا لە سێیەم یان چوارەمین ڕۆژ دەبێت تەرم سەرئاو دەکەوێت، بەڵام ئەو زیاتر گومانی بۆ ئەوە دەچێت تەرمەکە لەناو ئاوەکە لە شتێک گیربووبێت.
بەشداریکردنی تیمە گەڕۆکەکان و ئاگادارکردنەوەی دانیشتووان
لە پاڵ ئەوەی کە دوو ڕۆژە شۆفڵ و حەفارە کار دەکەن، تیمی گەڕۆکیش بەسەر ڕووبارەکەوە دەگەڕێن و دانیشتووانی قەراغی ڕووباری سیروانیش ئاگادارکراونەتەوە هاوکار بن ئەگەر تەرمەکەیان بینی هەواڵ بدەن.
زانیاری لەسەر ناسنامە و کاتی خنکانی گەنجەکە
گەنجەکە ناوی ئەحمەد لوقمانە و 26 ساڵ بووە، ڕۆژی 17ـی حوزەیران لە کاتی ڕاوەماسیدا خنکا.
ئاماری فەرمیی حاڵەتەکانی خنکان لە هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 33 حاڵەتی خنکان لە ناوچە جیاوازەکان تۆمارکراون.
1 کاتژمێر پێش ئێستا