بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی؛ لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێکاری ئەمنیی توند گیراوەتەبەر
دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، ڕێکاری ئەمنیی توند لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق گیراوەتەبەر. لیژنەی تایبەتمەند لە بازگەکانی هەولێر و دهۆک لەگەڵ موسڵ جێگیرکراون و پشکنینی ورد بۆ هاوڵاتییان و بارھەڵگران دەکرێت، هاوکات هێزەکانی دەستپاکی و دژەتیرۆریش لە کەرکوک، دوبز و سەڵاحەدین جێگیر کراون.
توندکردنەوەی ڕێکارە ئەمنییەکان لە بازگەکاندا
لەپاش دەستپێکی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەستگیرکردنی چەند بەرپرس و پەرلەمانتارێک لە هەولێر، ئێستا لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێکاری ئەمنیی توند گیراوەتەبەر.
جێگیرکردنی لیژنەی تایبەت و پشکنینی بارەکان
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لە نێوان بازگەکاندا هێزی ئەمنی بڵاوەی پێکراوە و ڕێکاری ئەمنی توند گیراوەتەبەر، بەجۆرێک لە هەردوو بازگەی نێوان هەولێر -موسڵ، دهۆک – موسڵ، کە دوو بازگەی سەرەکی هاتوچۆی نێوان ئەو سێ شارەیە، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی تایبەتمەند ڕەوانە کراوە و جێگیرکراون لەو بازگانە، پشکنین بۆ هەموو کەسێک و بارێک دەکرێت، هەروەها هیچ بارێک لە موسڵ نە دێتە هەولێر و دهۆک، نە ڕێگە دەدرێت لە هەولێر و دهۆکەوە بچێتە ناو موسڵ بەبێ پشکنینی ورد.
چاودێریکردنی ناوی داواکراوان لە بازگەکاندا
لە بازگەکان هەموو ئۆتۆمبێلەکان پشکنینی بۆ دەکرێت و لە بازگەکان ناوی داواکراوان دراوە بە هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنیان، داوای ناسنامەش دەکرێت، هەر بە گوێرەی زانیارییەکان لە لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ، هیچ حاڵەتێکی ڕاکردنی بەرپرسان لە موسڵەوە بۆ هەولێر و دهۆک، یاخود بە پێچەوانە تۆمارنەکراوە بەڵام ڕێکارە ئەمنییەکان توندکراوە.
جووڵەی هێزەکانی دژەتیرۆر بەرەو دوبز
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هێزێکی دژەتیرۆری عێراق کە نزیکەی 10 ئۆتۆمبێلی سەربازی دەبێت گەیشتوونەتە شارۆچکەی دوبز و تاوەکو ئێستا ڕوون نەبووەتەوە ڕۆشتنی ئەو هێزە بۆچی مەبەستێکە.
دەستگیرکردنی تۆمەتباران لە کەرکوک و سەڵاحەدین
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزێکی دەستەی دەستپاکی عێراق کە لە لیژنەی جیاواز پێکهاتوون لە دوێنێوە چووەتە کەرکوک بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان لە دۆسییەکانی گەندەڵی و لە پارێزگای سەڵاحەدین 4 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون.
1 کاتژمێر پێش ئێستا