یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوبەشی هوورمز لە نێوان ئێران و عوممان بەڕێوەچوو
یەکەم کۆبوونەوەی "کۆمیتەی هاوبەشی هوورمز" لە نێوان ئێران و عوممان لە مەسقەتی پایتەخت بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا پرسی ئیدارەدانی داهاتووی گەرووی هوورمز و دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییە بازرگانییەکان بەگوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکان تاووتوێ کران، ئەمەش دوای گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن دێت.
سەرپەرشتیکارانی کۆبوونەوەکە
کۆبوونەوەکە لەلایەن کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و عەبدولعەزیز هەنائی، ڕاوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەی عوممان سەرپەرشتی کرا.
تەوەرەکانی گفتوگۆکە بەپێی ڕاگەیەندراوی ئێران
کازم غەریب ئابادی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بێ ئاشکراکردنی ئەنجامی کۆبوونەوەکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "لەبارەی پرسە دووقۆڵییەکان لەسەر گەرووی هوورمز و چۆنێتیی ئیدارەدانی داهاتووی گەرووەکە بەگوێرەی خاڵی پێنجەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەی ئیسلامئاباد و هەروەها دەستەبەرکردنی مافەکانی وڵاتانی کەناراو گفتوگۆ و ڕاوێژمان کرد".
کاتی دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان و نێوەڕۆکی یاداشتەکە
دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لە کاتێکدایە لە دوو ڕۆژی ڕابردوو گرژیی سەربازیی توند لە نێوان تاران و واشنتن لە نزیک گەرووەکە ڕوویدا، لە ماددەی پێنجەمی یاداشتەکەدا هاتووە ئێران هەموو هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی سەلامەت و بێبەرامبەری کەشتییە بازرگانییەکان بە گەرووی هوورمز.
لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی دۆخی گەرووەکە
دوێنێش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ فوئاد حوسێن، هاوتا عێراقییەکەی ڕایگەیاند، بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکە دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژی داهاتوو دۆخی گەرووەکە بگەڕێتەوە پێش جەنگ، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن ئێرانەوە ڕێکارەکان دەگیرێتەبەر و بەرپرسیارێتیی گەرووەکەش هێشتا لە دەستی ئەواندایە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا