گوتەبێژى حکومەتى عێراق: هەژمارێکى تایبەت بۆ پارە دەستبەسەرداگیراوەکان دەکرێتەوە؛ مووچەی مانگانەی هەرێمیش دەنێردرێت

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، بەردەوامیی قۆناغی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران و دەستگیرکردنی 21 کەسی ڕاگەیاند، هەمژان هاوکاریی هەرێمی کوردستانی لەم دۆسیەیەدا بەرز نرخاند. عەبوودی پابەندبوونی بەغدای بە ناردنی یەک تریلیۆن دیناری مانگانە بۆ مووچەی هەرێم دووپات کردەوە و 30ـی ئەیلولیشی وەک دوا وادە بۆ چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان دیاری کرد.

کردنەوەی هەژماری تایبەت بۆ پارە گێڕدراوەکان

حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، هەژمارێکی تایبەت دەکرێتەوە بۆ ئەو پارەیەی کە دەستی بەسەردا دەگیرێت و وەزارەتی دارایی ڕاسپێردراوە بۆ کۆکردنەوەی پارە دەستبەسەردا گیراوەکە.

ئاماری دەستگیرکراوەکان

حەیدەر عەبوودی لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران گوتی، قۆناغی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران بەردەوامە و لە لێکۆڵینەوەکاندا ناوی نوێ ئاشکرا بووە و 21 کەس دەستگیرکراوە و ژمارەیەکیش هەڵهاتوون.

نەبوونی هاوکاریی نێودەوڵەتی و بەرزنرخاندنی هەڵوێستی هەرێم

گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی پرۆسەی دۆزینەوەی گەندەڵکارانەوە باسی ئەوەی کرد، هیچ هاوکارییەکی نێودەوڵەتی لە ئاشکراکردنی گەندەڵکاراندا نەبووە و لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاراندا هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنین.

مووچەی هەرێمی کوردستان، داهاتی نانەوتی و قەرزەکانی عێراق

حەیدەر عەبوودی، لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی عێراق مانگانە 1 تریلیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات و پابەندین بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و باسی ئەوەشی کرد، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری کۆدەبێتەوە و پرسی ئەسیکۆدا و داهاتی نانەوتی تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی شاندی هەولێر و بەغدان و لەبارەی قەرزەکانی عێراقیشەوە گوتی، قەرزەکانی عێراق دەرەکی نین و ناوخۆیین.

دیاریکردنی دوا مۆڵەت بۆ گرووپە چەکدارەکان

گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەبارەی چەکدانانی گرووپە چەکدارەکانەوە گوتی، 30ـی ئەیلول دوا وادەیە بۆ گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان ڕادەست بکەن و 30 ئەیلول هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق.

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا