قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزانى 15 وڵاتی ئەورووپى کۆبووەوە

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبوونەوەی جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ باڵیۆزانی ئەوروپا

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ 15 باڵیۆزی وڵاتانی ئەوروپا لە عێراق کۆبووەوە.

هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران

کۆبوونەوەکە، کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە (29/6/2026) بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی ناوچەکە و بە تایبەتیش شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرا. قوباد تاڵەبانی لەبارەی ململانێ ناوچەیییەکانەوە ڕایگەیاند سیاسەت و هەڵوێستی هەرێم لە دەستپێکی شەڕەکەوە تا ئێستا ڕوون و ئاشکرایە و نەک تەنیا نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەپێی سەنگ و قورسایی خۆمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەمان.

پشتگیریکردنی حکومەتی بەغدا و پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئێستای عێراق کرا. جێگری سەرۆکوەزیران لەبارەی پاراستنی سەروەریی عێراقەوە ڕوونی کردەوە لە ماوەی ڕابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسیی عێراق. ڕاشیگەیاند پشتگیری لە حکومەتی نوێی عێراق دەکەن بە تایبەتیش لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا. هیواشی خواست هەموو لایەنەکان پشتگیریی تەواوی حکومەت بکەن بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و ئەم هەوڵانەشی بە هەنگاوێکی پێویست و گرنگ زانی بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری.

بارودۆخی ناوخۆی هەرێم و پێویستیی پێکهێنانی حکومەتی نوێ

سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستانیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا دۆخێکی نوێ لە ناوچەکە و لە عێراق هاتووەتە ئاراوە و هۆشداریدا لەم دۆخە نوێیەدا نابێت لایەنەکان بە هەمان شێوە و بیرکردنەوەی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەن، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەت زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی کاربەڕێکەر

قوباد تاڵەبانی لەبارەی کاریگەرییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەرەوە ڕایگەیاند، لە ئێستادا حکومەتی کاربەڕێکەر بووەتە خاڵێکی لاواز بۆ هەرێمی کوردستان و ئەم حکومەتە ناتوانێت لە ئاستی هەڕەشە و دەرفەتەکانی ئەم قۆناغە نوێیەدا بێت. داواشیکرد لایەنەکانی هەرێم بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە تێگەیشتنی نوێوە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا