دەست بە بەستنی پەمپە نوێیەکانی پڕۆژەی ئاوی دووکان – سلێمانی کرا

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
وێستگەیەکی ئاوی سلێمانی
وێستگەیەکی ئاوی سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند کە پەمپە نوێیەکانی هێڵی 1 و 2ـی دووکان - سلێمانی گەیشتوون و کارەکانی بەستنەوەیان دەستی پێکردووە. بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری فەرمانگەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بە پاڵپشتیی دارایی قوباد تاڵەبانی پەمپەکان دابین کراون و بە تەواوبوونیان لە ماوەی 2 هەفتەدا، گرفتی دابەشکردنی ئاو لە سەرجەم گەڕەکەکان چارەسەر دەبێت.

دەستپێکردنی قۆناغی بەستنەوەی پەمپە نوێیەکان

بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری دابەشکردنی ئاوی سلێمانی لەبارەی گەیشتنی ئامێرە نوێیەکانەوە ڕایگەیاند، لە پاش گەیشتنی پەمپەکانی ئاو بۆ هێڵی یەک و دووی ئاوی دووکان – سلێمانی، ئەمڕۆ دەستکراوە بە بەستنەوەی پەمپەکان و دانانیان، بەوپێیەی پەمپەکان پارچە پارچەیە و دەبێت پێکەوە ببەسترێت و دەشڵێت، دەکرێت 2 هەفتەی پێبچێت.

کۆنترۆڵکردنی دۆخی کەمئاوی لە گەڕەکەکانی شاردا

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی ئاوی سلێمانی لەبارەی دۆخی ئێستای دابەشکردنی ئاوەوە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، کێشەی گرفتی ئاو دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی سلێمانی نەماوە و توانراوە ئاوی پێویست دابینبکرێت و ئیدارەی دۆخەکە دراوە.

کاتی بنبڕبوونی یەکجاریی گرفتی ئاو

ناوبراو لەبارەی وادەی چارەسەربوونی کۆتاییی کێشەکەوە ئاماژەی بەوەشکرد، لە 2 هەفتەی داهاتوودا گرفتی دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی ناو شاری سلێمانی نامێنێت و چارەسەر دەبێت.

دۆخی دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی قڕگە و کوردسات

بەگوێرەی زانیارییەکانیش ئێستا ئەو گەڕەکانەی کە دابەشکردنی ئاویان دواکەوتووە گەڕەکەی قڕگە و کوردساتە، بەوپێیەی کاتی ئاسایی دابەشکردنی ئاو بەسەریاندا، 3 ڕۆژ جارێکە ئێستا سەرەی ئەوان بووە بە 4 ڕۆژ جارێک یاخود 5 ڕۆژ جارێک.

دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکە و گۆڕینی پەمپە لەکارکەوتووەکان

بەختیار تاهیر لەبارەی چۆنیەتیی دابینکردنی تێچووی کڕینی پەمپەکانەوە باسی لەوەکرد، بە بڕیاری جێگری سەرۆکوەزیران پارە بۆ کڕینی پەمپەکان دابینکراوە و پەمپەکان لە ئەمریکاوە گەیشتووەتە شوێنی پڕۆژەکە و دانانی کاتی دەوێت.

خەرجکردنی پارە بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی

پێشتر پڕۆژەی گۆڕینی پەمپە لەکارکەوتووەکانی هێڵی یەک و دووی ئاوی دووکان - سلێمانی درابوو بە کۆمپانیا، بەڵام پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرجنەکرابوو، ئێستا بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە چەند گوژمەیەک پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرجدەکرێت و ئەم هەفتەیە 3 پەمپی نوێ دەخرێنە شوێنی پەمپە لەکارکەوتووەکان.

گۆڕینی پەمپەکانی هێڵی یەک و کاریگەرییان لەسەر کەمئاوی

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لەبارەی بەشەکانی دیکەی پڕۆژەکەوە ڕایگەیاند، پڕۆژەکە گۆڕینی 8 پەمپی هێڵی یەکی دووکان - سلێمانییش لەخۆدەگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو 8 پەمپە نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان. بەختیار تاهیر لەبارەی داهاتووی دۆخی ئاوی شارەکەوە گوتیشی، بە دانانی پەمپە نوێیەکان زۆرینەی کێشەکانی کەمئاویی لە گەڕەکەکانی سلێمانی چارەسەر دەبێت.

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا