سەڵاحەدین بەهادین بۆ عەلی زەیدی: پشتگیریی هەنگاوەکانت دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
سەڵاحەدین محەممەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

سەڵاحەدین محەممەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە پەیامێکدا بۆ عەلی زەیدی، پاڵپشتیی خۆی بۆ هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەربڕی و بە هەنگاوێکی بنەڕەتی و مێژوویی ناوزەندی کرد. ناوبراو داوای چەسپاندنی سەروەریی یاسا، سەلامەتیی دەسەڵاتی دادوەری و پاراستنی مافی بێتاوانانی لەم پرۆسەیەدا کرد.

پێزانینی یەکگرتوو بۆ هەڵمەتی دژی گەندەڵی

لە بەرامبەر ڕاگەیاندنی هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی عەلی زەیدی کرد و ڕایگەیاند، "بە پێزانین و شانازییەوە دەڕوانینە ئەو هەنگاوە بوێرانەیە کە کابینەکەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵکاراندا گرتوویەتییە بەر".

بەنرخاندنی پەیامەکە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی

سەڵاحەدین محەممەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامەکەیدا بۆ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەڵمەتەکەی حکومەتی عێراقی بە "هەنگاوێکی بنەڕەتی و وەرچەرخانێکی مێژوویی" داناوە لە کاروانی چاکسازی و گێڕانەوەی شکۆی دەوڵەت و بونیادنانی لەسەر بنەمای دەستپاکی و دادپەروەری.

هۆشداری لە بەکارهێنانی پۆستەکان بۆ مەرامی شەخسی

سەڵاحەدین بەهادین لەبارەی دۆخی وڵات و بەکارهێنانی پۆستە گشتییەکانەوە دەڵێت، "وڵاتەکەمان دەناڵێنێت بەدەست یاریپێکەرانی سامانی گشتی و ئەو کەسانەی پۆستە حکومییەکانیان بۆ مەرامی شەخسی و بەرژەوەندیی حیزبی بەکاردەهێنن، هەر بۆیە ئەوەی لەم هەنگاوە بوێرانەیە چاوەڕوان دەکرێت، سەروەریی یاسا، سەلامەتیی دەسەڵاتی دادوەری، جێبەجێکردنی دادپەروەری لە ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران و پەرۆشی بۆ دەست نەبردن بۆ مافی بێتاوانان کە ڕەنگە ڕووبەڕووی تۆمەتێک ببنەوە کە پشت بە بەڵگەی پێویست نابەستێت."

هیوای سەرکەوتن بۆ عێراقێکی بێگەندەڵی

هەر لە پەیامەکەیدا سەڵاحەدین بەهادین، هیوای سەرکەوتنی بۆ هەنگاوەکانی زەیدی خواستووە لە پێناو پاراستنی وڵات و هاووڵاتیاندا لە پێناو عێراقێکی سەقامگیر، گەشەسەندوو، و خاڵی لە گەندەڵی و گەندەڵکاران.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا