ئەنجوومەنى ئابوورى بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ سەردانى دەروازەکانى هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت
ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووریی عێراق بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ سەردانیکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت و پێشنیازەکانی هەردوو شاندی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەبارەی کۆکردنەوەی داهات لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بەرزبکاتەوە.
بەڕێوەچوونی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزاری
بە سەرۆکایەتیی فالح سانی، وەزیری دارایی، پێنجەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری بە ئامادەبوونی شاندی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا بەڕێوەچوو.
گفتوگۆ لەسەر یەکخستنی باج و ڕێکارە گومرگییەکان
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەبارەی ڕاپۆرتی لیژنە هاوبەشەکانی تایبەت بە یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان و باج لە دەروازە سنوورییەکان تاوەکو دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
خستنەڕووی ئاستەنگییەکانی بەردەم سیستمی ئەسیکۆدا
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری، دوای گوێگرتن لە ڕوونکردنەوەی ئەندامانی تیمە هاوبەشەکان و پێشنیازەکانی میکانیزمی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا و ئاستەنگییەکانی بەردەم جێبەجێکردنی.
دیاریکردنی ئەرکی لیژنە نوێیەکە بۆ ڕووپێوی سنوورەکان
ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا، لیژنەیەکی هاوبەش بە سەرۆکایەتیی دەستەی دەروازە سنوورییە فیدراڵییەکان و لایەنە تایبەتمەندەکان لە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت بۆ ڕووپێوی تەواوەتیی هێڵی سنووری و سەردانیکردنی دەروازە فەرمی و نافەرمییەکان لە هەرێمی کوردستان.
بڕیاری ڕێکخستن یان داخستنی دەروازە سنوورییەکان
بڕیارە لیژنەکە ڕاپۆرتێکی گشتگیر پێشکەش بە ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری بکات لەبارەی دەروازە سنوورییەکان، ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە و ئەوانەشی مەرجەکانیان تێدا نییە، ژێرخانیان بۆ ئامادەبکرێت تاوەکو بکرێنە دەروازەی فەرمی، ئەو دەروازانەشی شیاو نین و مەرجەکانیان بەسەردا جێبەجێنابێت دابخرێن.
ئامادەکردنی نامیلکەی یەکگرتووی لێخۆشبوونی گومرگی
هەروەها ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری بڕیاریدا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، نامیلکەیەکی یەکگرتووی هاوبەش ئامادە دەکات تایبەت بە لێخۆشبوونەکان و ڕێگەپێدانە گومرگییەکان، دوای پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە، گشتاندنی بۆ سەرجەم دەروازەکان بۆ دەکرێت تاوەکو کاری پێبکرێت.
بەرزکردنەوەی میکانیزمی کۆکردنەوەی داهات بۆ بەغداد
ئەنجوومەنی وزاری بۆ ئابووری، بڕیاریدا پێشنیازەکانی هەردوولا لەبارەی میکانیزمی کۆکردنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبکاتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ.
2 کاتژمێر پێش ئێستا