ئەحمەد شەرع و فوئاد حسێن لە دیمەشق کۆبوونەوە
ئەحمەد شەرع، سەرۆکى ڕاگوزەرى سووریا لە کۆشکى گەل لە دیمەشق پێشوازیى لە فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق و شاندى یاوەری کرد.
تاوتوێکردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات
سەرۆکایەتى کۆمارى سووریا لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانى هەردوولا و برەودان بە هەماهەنگى نێوان هەردوو وڵات لەسەرجەم بوارەکان کرایەوە و هەروەها باس لە پەرەسەندنەکانى دۆخى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتى کرا و جەخت لەسەر پەرەدان بە ئاستى هەماهەنگى نێوان هەردوو وڵات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئاڵێنگارییەکان، کرایەوە.
کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا
ئەمڕۆ دووشەممە، فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق و شاندێکى یاوەرى بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە سووریا و سەرەتا لەگەڵ ئەسعەد شیبانى، وەزیرى دەرەوەى سووریا کۆبووەوە.
بڕەودان بە پەیوەندییەکان و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوێکى هاوبەش لە کۆبوونەوەکەدا باس لە برەودان بە پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات و بەرەوپێشبردنى هەماهەنگى لە سەرجەم بوارەکان کرایەوە و لەسەر پێکهێنانى لیژنەیەکى هاوبەشى تایبەتمەند لە بوارەکانى وزە و کشتوکاڵ و ئاو و گواستنەوە و دەروازە سنوورییەکان لە نێوان هەردوو وڵات ڕێککەوتن.
لە ڕاگەیێنراوە هاوبەشەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵا بۆ هەماهەنگیی هاوبەش بە سەرۆکایەتى هەردوو وەزیرى دەرەوە ڕێککەوتن.
تاوتوێی میکانیزمی گەیاندن و گواستنەوەی وزە
ڕاگەیێنراوە هاوبەشەکە ڕوونیدەکاتەوە، لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى میکانیزمەکانى گەیاندن و گواستنەوەى وزە و پڕۆژەى سەرلەنوێ نۆژەنکردنەوەى بۆرییە نەوتییەکان لە عێراقەوە بەرەو سووریا کرایەوە لەگەڵ هەماهەنگى لە بوارەکانى ئاو و کشتوکاڵ کە هاوکار بێت لە برەودان بە ئاسایشى هاوبەشى خۆراکى نێوان هەردوو وڵات و تەواوکاریى ئابووریى و خزمەتى بەرژەوەندیى هاوبەش.
هاوکات هەردوولا تاوتوێى چۆنیەتى برەودان بە هەماهەنگى ئەمنى هاوبەش کرد بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشى هەردوو وڵات و سەقامگیریى ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەى ئاڵێنگارییە هاوبەشەکان.

29/06/2026