لەگەڵ چاکسازی؛ دژی گەندەڵی

کەناڵ8 5 کاتژمێر پێش ئێستا
لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

گوتنی دروشمی دژی گەندەڵیم بەس نییە، بەڵکو لەگەڵ چاکسازی بوون، پرۆژەیەکی دەوڵەتسازییە، لەبەر ئەوە پاککردنەوەی دەوڵەت دەبێت لە سەرەوە دەست پێ بکات، نەک لە خوارەوە. ئەگەر لوتکەی هەرەم بۆگەن بێت، بناغە پاک نامێنێت، ئەمڕۆ کاتێک باس لە چاکسازی و شەڕی دژ بە گەندەڵی دەکەین، پێویستە ئەو دوو نموونەیە لەبەرچاو بگرین: چاکسازی بە وتار و دروشم نابێت؛ بە لێپرسینەوە لە سەرەوە دەست پێدەکات.

دەقی وتارێکی عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

هەندێک جار وڵاتان نەک بە دەنگی شۆڕش، بەڵکو بە کردنەوەی دەرگایەکی بۆگەن دەگەنە قۆناغێکی نوێ. کاتێک دەرگای گەندەڵی دەکرێتەوە، بۆنی پارەی دزراو، مافی پێشێلکراوی هاووڵاتیان، دامودەزگا لاوازکراوەکان و دەوڵەتی بازاڕکراو دێتە دەرەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراقدا دەستی پێکردووە، تەنها هەڵمەتێک دژ بە چەند فەرمانبەر یان چەند دزێکی بچووک نییە؛ بەڵکو ئەگەر بەردەوام بێت، دەتوانێت دەسپێکی قۆناغێکی نوێی چاکسازی و شۆرشێکی نوێ بێت.

گرنگیی ئەم هەڵمەتە لەوەدایە کە جارێکی تر پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە بەردەم هەمووان: ئایا دەوڵەت دەتوانێت دەستی بگاتە ئەوانەی کە لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتدا بوون؟ یان وەک زۆرجار، تەنها بچووکەکان دەبنە قوربانی و گەورەکان لە ژێر سێبەری پارە، پەیوەندی و پشتگیریی سیاسی دەرباز دەبن؟

لە ڕاستیدا، گوتنی دروشمی «دژی گەندەڵیم» بەس نییە. دژایەتی گەندەڵی زۆرجار لە ئاستی دروشمدا دەمێنێتەوە، بەڵام «لەگەڵ چاکسازی بوون» پڕۆژەیەکی دەوڵەتسازییە. دژی گەندەڵی واتە سزادانی دز، بەڵام چاکسازی واتە گۆڕینی ئەو سیستەمەی کە دز دروست دەکات، دەیپارێزێت و ڕێگای پێ دەدات. یەکەمیان لێپرسینەوەیە؛ دووەمیان بنیاتنانەوەی دەوڵەتە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی (2003)، عێراق دەبوو بەرەو دەوڵەتی یاسا، هاووڵاتیبوون و دادپەروەری بڕوات. بەڵام لە زۆر بواردا، لەجیاتی دامەزراندنی دامودەزگای بەهێز، تۆڕێکی ئاڵۆزی گەندەڵی گەشەی کرد. دزییەکان گەیشتنە ئاستێک کە مرۆڤ ناچار دەکات بڵێت: «سەد ڕەحمەت لە کفندز.» چونکە کفندز لە مردوو دەدزی، بەڵام ئەوان لە زیندووان دەدزن؛ لە منداڵ، نەخۆش، قوتابی، مامۆستا، سەرباز، پێشمەرگە و کرێکار. ئەوان پارێزەری سامانی گشتی نەبوون؛ بەڵکو فیرعەونەکانی دزی بوون.

«دزیی سەدە» تەنها دۆسیەیەکی دارایی نەبوو؛ بەڵکو ناونیشانی قۆناغێکی تەواو بوو. قۆناغێک کە تێیدا گەندەڵی لە ژووری بچووکەکانەوە دەست پێ نەدەکرد، بەڵکو لە ژووری گەورەی دەسەڵاتەوە سەرچاوەی دەگرت. هەندێک جار دز بە دەرگای دواوە نایەت؛ بەڵکو بە مۆری فەرمی، بە ناوی یاسا و بە پشتگیریی سیاسی دەچێتە ناو دامودەزگاکاندا.

لەبەر ئەوە، پاککردنەوەی دەوڵەت دەبێت لە سەرەوە دەست پێ بکات، نەک لە خوارەوە. ئەگەر لوتکەی هەرەم بۆگەن بێت، بناغە پاک نامێنێت. ئەگەر بەرپرس دز بێت، فەرمانبەری سادە چۆن دەستپاک دەبێت؟ ئەگەر یاسادانەر خۆی یاسا بشکێنێت، هاووڵاتی چۆن متمانە بە دەوڵەت بکات؟

فەلسەفەی دادپەروەری ئەوە فێرمان دەکات کە سزادان پێویستە، بەڵام بە تەنها چارەسەر نییە.

لە مێژووی دادپەروەریی ئیسلامیدا، ناوی عومەری فارووق (ڕەزای خوای لێیبێ)و ئیمامی عەلی(ڕەزای خوای لێیبێ) تەنها ناوی دوو سەرکردە نین؛ بەڵکو دوو نیشانەی گەورەن بۆ ئەوەی دەسەڵات چۆن دەبێت لە خزمەتی داد و پاکی و بەرپرسیارێتیدا بێت.

عومەری فارووق (ر-خ)دەسەڵاتی بە ئاسانگرتنی ژیانی خەڵک و لێپرسینەوە لە بەرپرسان دەناسرا؛ تا ئەو ڕادەیەی دەیوت ئەگەر ئاژەڵێک لە سنووری حکومەتدا بەهۆی بێئاگایی دەسەڵاتدارێکەوە بدزرێت، دەسەڵات بەرپرسیارە.

ئیمامی عەلیش (ر-خ)دادپەروەریی کردە بنەمای حوکمڕانی؛ ئەو دەیفەرموو دەسەڵات بێ داد، تەنها ستەمێکی ڕازاوەیە، و مال و موڵکی گشتی نابێت ببێتە سفرەی دابەشکردن بەسەر خزم و نزیکان.

ئەمڕۆ کاتێک باس لە چاکسازی و شەڕی دژ بە گەندەڵی دەکەین، پێویستە ئەو دوو نموونەیە لەبەرچاو بگرین: چاکسازی بە وتار و دروشم نابێت؛ بە لێپرسینەوە لە سەرەوە دەست پێدەکات. پاچینە لە سەرەوە پاک دەکرێتەوە، نە لە خوارەوە. ئەگەر گەندەڵکارە گەورەکان لە سەرەوەی هەرەمەکەدا نەگیرێنە بەر پرسیار، ئەوا هەموو قسەیەک لەسەر چاکسازی دەبێتە دەنگێکی بێکردار.

ئەزموونی وڵاتانی سەرکەوتوو نیشانی داوە کە ئەوانەی تەنها دزەکانیان گۆڕی، گەندەڵی نەگۆڕا. بەڵام ئەوانەی دادگا، دامودەزگا، شەفافییەتی گرێبەستەکان، چاودێریی دارایی و سەربەخۆیی دەزگا بازرگانی و چاودێریکەرەکانیان بەهێز کرد، گەندەڵیان لە پیشەیەکی پڕقازانجەوە گۆڕی بۆ مەترسییەکی گەورە بۆ گەندەڵکاران.

ئەگەر ئەم هەڵمەتەی سەرۆکوەزیرانی عێراق(عەلی زەیدی) بەردەوام بێت، وەک گڵۆڵەی بەفر گەورەتر دەبێت؛ هەرچەندە بڕوات، تۆڕە شاراوەکان، ناوەکان و پارێزەرانی گەندەڵی زیاتر ئاشکرا دەبن. گرنگ ئەوەیە ئەم هەڵمەتە نەبێتە ئامرازێکی سیاسی بۆ تۆڵەسەندنەوە، بەڵکو ببێتە ڕێڕەوێکی نیشتمانی بۆ چاکسازیی بنەڕەتیی دەوڵەتداری.

لەم چوارچێوەیەدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی لە هەر هەنگاوێکی یاسایی و دادپەروەرانە دەکات، پشتیوانی لە کەسی گەندەڵکار ناکات ؛ پشتیوانی لە بنەماکان دەکات: دادپەروەری، شەفافییەت، سەروەری یاسا و لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی سامانی گشتییان تاڵان کردووە، بەبێ جیاوازیی پۆست و پێگە.

هیچ حیزبێک بە دەوڵەتی لاواز بەهێز نابێت، و هیچ دەوڵەتێکیش بە گەندەڵی ناپارێزرێت. دەوڵەت بە متمانە، یاسا و دادپەروەری دەوڵەتە.

ئەمڕۆ دەبێت دەنگی هاووڵاتی، ڕاگەیاندن، دادگا و هێزە سیاسییەکان هاوکار و پشتیوانی ئەم شۆرشە سپییە بن: سامانی گشتی هی میللەتە و دەبێت بۆ میللەت بگەڕێتەوە. هەر کەسێک دزیی کردبێت، بەبێ گوێدان بە پۆست، هێز، پەیوەندی یان پارێزگاریی سیاسی، دەبێت لەبەردەم یاسادا بوەستێت.

ئاشکرایە، کۆتاییهێنان بە گەندەڵی بە یەک هەڵمەت ناکرێت، بەڵام هەموو گۆڕانکارییەکی گەورە بە یەک هەنگاو دەست پێدەکات. ئەگەر دەستی دادگا ئازاد بمێنێت، ئەگەر پارەی دزراو بگەڕێندرێتەوە، و ئەگەر لێپرسینەوە لە لوتکەی هەرەمی دەسەڵاتەوە دەست پێ بکات، ئەوا خەڵکی عێراق دەتوانن جارێکی تر متمانە بە دەوڵەتی خۆیان بکات.

چونکە نیشتمان تەنها بە ئاڵا، سنوور و چەک ناپارێزرێت؛ بەڵکو بە دەستپاکی، دادپەروەری و متمانە دەپارێزرێت. چاکسازی لەو شوێنە دەست پێدەکات کە یاسا بەرزتر بێت لە هەموو کەس، و دەوڵەت بتوانێت بێ ترس دەستی بخاتە سەر هەموو گەندەڵکارێک، لە هەر ئاست و پێگەیەکدا بێت.

کەناڵ8

5 کاتژمێر پێش ئێستا