ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە

ئارام یوسف 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان بەبێ یەکێک لە سەرکردەکانی گرنگەکانی کۆبووەوە و پێشوازییان لە دەستگیرکردنی گەندەڵکاران کرد و داوا دەکەن پەلە بکرێت لە تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەت.

کۆبوونەوە لە ماڵی خەمیس خەنجەر

ئەنجوومەنەکە ئێوارەی دووشەممە لە ماڵی خەمیس خەنجەر لە بەغداد بە ئامادەبوونی هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەوە و باسیان لە پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنی و چەند دۆسیەیەکی دیکە کردووە.

ستایشی هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی لە ڕاگەیێنراوێکدا، دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی تێوەگلاو لە دۆسیەی گەندەڵی لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە بەرز دەنرخێنێت، و بە هەنگاوێکی گرنگی ناودەبات بۆ پاراستنی سامانی گەلی عێراق.

چالاککردنی بنەماکانی لێپرسینەوە و سزادان

سوننەکان داوای چالاککردنی بنەمای لێپرسینەوە دەکەن، بەشێوەیەک گرەنتی سزادانی هەموو کەسانە بکات، تێوەگلاون لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی.

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەک کارێکی لە پێشینەی نیشتمانی

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان جەختلەوە دەکاتەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کارێکی لە پێشینەی نیشتمانییە، سەرکەوتنی پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسایە بە دادپەروەری و بێلایەنی بەسەر هەموو تێوەگلاوەکان بەبێ جیاوازی و جیاکاری، کە بنەمای یەکسانبوون لەبەردەم یاسا بەهێز بکات و مافی دەوڵەت و هاوڵاتییانیش بپارێزێت.

جەختکردنەوە لە هەنگاوەکان لە پێناوی چاکسازیی دامەزراوەکان

ئەو سەرکردە سوننانە جەخت لە پشتیوانیکردنی سەرجەم ئەو هەنگاوانە دەکانەوە کە لەپێناو ئەنجامدانی چاکسازی دامەزراوەکان و پاراستنی سەروەری وڵات و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و ڕێگەگرتن لەهەر لایەنێکی دەکەن کە باڵی سەربازی هەبێت، بەو شێوەیەی لە دەستووردا هاتووە و بەرژوەندیی باڵای نیشتمانی دەیخوازێت.

گرنگیی تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکومەت

ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، جەخت لە گرنگیی تەواوکردنی پێکهێنانی کابینەی حکومەت دەکاتەوە لە زووترین کاتدا بەگوێرەى شایستە دەستوورییەکان، کە گرەنتی سەقامگیری سیاسی بکات.

ئەوەی جێگەی تێبینییە لەو ڕاگەیێنراوەی ئەنجوومەنی سیاسیی سوننەکان، بەهیچ شێوەیەک باسی لە دەستگیرکردنی موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم و یەکێک لە پێنج سەرکردەکەی ئەنجوومەنەکە نەکراوە، کە لە هەڵمەتەکەی بەرەبەیانی یەکشەممە دەستگیرکراوە.

ئارام یوسف

3 کاتژمێر پێش ئێستا