فوئاد حسێن: لەگەڵ شەرع باسمان لە ڕاکێشانى بۆرییەکى نەوت کرد

شۆڕش محەمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
دیدار و کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سووریا لەگەڵ فوئاد حسین، وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیمەشق
دیدار و کۆبوونەوەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی راگوزەری سووریا لەگەڵ فوئاد حسین، وەزیری دەرەوەی عێراق لە دیمەشق

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکى ڕاگوزەرى سووریا باسمان لە پڕۆژەی ڕاکێشانی بۆرییەکی نەوتی عێراق کرد بە ناو خاکی سووریادا بە سەرپەرشتی کۆمپانیایەکى بیانى.

باس لە بنیاتنانی بۆرییەکی نەوتی عێراق بە ناو خاکی سووریادا

فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق ئاماژەى بەوە کرد، لەمیانەى سەردانەکەمان بۆ سووریا و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکى ڕاگوزەرى سووریا تاوتوێى چەند دۆسیەیەکیان کرد کە گرنگترینیان دروستکردنی بۆرییەکی نەوتی عێراقییە کە بە ناو سووریادا تێدەپەڕێت.

پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات

وەزیرى دەرەوەى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى عێراقى گوت، لە کۆبوونەوە و گفتوگۆکاندا جەختیان لەسەر پەرەدان بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانى نێوان هەردوو وڵات و گفتوگۆى بابەتە ئابوورییەکان کردووەتەوە، ئەمە جگە لە تاوتوێکردنى دۆسییە ئەمنی و کشتوکاڵییە هاوبەشەکان.

بۆریە نەوتەکە درێژ دەبێتەوە بۆ پاڵاوگەی بانیاس

فوئاد حسێن ڕوونیکردەوە، گفتوگۆکان بەشێوەیەکى سەرەکى لەبارەى ئەو هێڵە نەوتییانە بوو کە درێژ دەبنەوە بۆ پاڵاوگەی بانیاس و لەگەڵ حکومەتی سووریا تاوتوێی ئەم پڕۆژەیە کرا، بە مەرجێک لەژێر چاودێری کۆمپانیا بیانییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەزایان و پسپۆڕانی هەردوو لایەنی عێراقی و سووری جێبەجێ بکرێت.

شۆڕش محەمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا