سوپاسالاری ئیسرائیل: ئامادەکاری بۆ جەنگەکانى داهاتوو دەکەین

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل فۆتۆ: ماڵپەڕی ئیسرائیل تایمز
ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل فۆتۆ: ماڵپەڕی ئیسرائیل تایمز

ئیسرائیل نیازى نییە کۆتایى بە جەنگ بهێنێت و سوپاسالارەکەى دەڵێت ئامادەکارى بۆ جەنگەکانى داهاتوو دەکەن، هاوکات کوژرانی بەرپرسێکى جیهادی ئیسلامی ڕاگەیاند گوایە لە هێرشى حەوتى ئۆکتۆبەر بەشدار بووە.

بە بۆنەی تێپەڕبوونی هەزار ڕۆژ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیلیدا

ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لە میانی کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی دۆخی هەواڵگری و ئۆپراسیۆنەکان، بەبۆنەی تێپەرینی هەزار ڕۆژ بە سەر دەستپێکردنی جەنگى ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، لەو ماوەدا سوپای ئیسرائیل ئەزموونی ئۆپراسیۆن و فەرماندەیی بێوێنەی کۆکردووەتەوە و هەزار ڕۆژە یەکێک لە درێژترین و ئاڵۆزترین و قورسترین شەڕەکان بەڕێوەدەبەن و باڵادەستییان لە هەموو بەرەکاندا بەدەستهێناوە.

وەرگرتنی وانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکانی داهاتوو

ئاماژەی بەوەشکرد، دواى هەزار ڕۆژ لە جەنگ سەرکردایەتیی سوپاکەیان کار بۆ وەرگرتنی وانە و خۆئامادەکردن دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەکانی داهاتوو و بەردەوامیپێدانیان.

کوژرانی سەرکردەیەکی جیهادی ئیسلامی

هاوکات سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی ئێکس ڕایانگەیاند، زاهیر ئەبو سالم کە ئەندامێکی چالاکی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بووە لە باکووری کەرتی غەززە کوژراوە.

باسى لەوەکردووە، زاهیر ئەبو سالم  لە کاتی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا دزەی کردووەتە ناو خاکی ئیسرائیلەوە و بەشداری لە ڕفاندنی ئیسرائیلییەکان و بە بارمتەگرتنیان کردووە.

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا