تورکیا: ئەمساڵ 134 ئەندامی پەکەکە خۆیان ڕادەستکردووە
سەرەڕای بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی کە ئەنقەرە بە "تورکیای بێتیرۆر" ناوی دەبات، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت، دەیان ئەندامی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە.
خۆڕادەستکردنەوەی 134 ئەندامی پەکەکە
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، 134 ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان بەڕێگەی قایلکردن، خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانیان کردووە.
تەنها 14 کەسیان ئازاد کراون
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکە، لەو 134 کەسەی خۆیان ڕادەستکردووە، 115 کەسیان خراونەتە زیندان، 14ـیان ئازادکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ پێنج کەسیان بەردەوامە. هاوکات سێ لەو کەسانەی خۆیان ڕادەستکردووە، لە لیستی داواکراواندا بوون.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، پەکەکە ئەو هەواڵانەی تورکیای ڕەتکردووەتەوە، کە باس لە خۆڕادەستکردنی ئەندامەکانی بە تورکیا دەکات.
دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024ـەوە پرۆسەی ئاشتی دەستیپێکردووە و ئێستاش هەوڵەکان بۆ دەرکردنی یاسای پرۆسەکە بەردەوامە، کە زەمینەسازیی بۆ گەڕانەوەی بەرپرس و ئەندامانی پەکەکە بۆ باکووری کوردستان و تورکیا دەکات.
بانگەوازی ئۆجەلان بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا، لە 27ـی شوباتی 2025 عەبدوڵا ئۆجەلان بانگەوازی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی بۆ پەکەکە کرد. پەکەکە لە کۆنگرەی 12ـدا کە لە سەرەتای ئایاری 2025 بەڕێوەچوو، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی دا و لە 11ـی تەمووز گرووپێکی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە هەرێمی کوردستان چەکەکانیان سووتاند.
2 کاتژمێر پێش ئێستا