دادگای باڵای ئەمریکا دەسەڵاتەکانی ترەمپ بۆ دەرکردنی بەرپرسان فراوان دەکات

شێوە عومەر 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشکەشکردنی یەکێک لە وتەکانیدا. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی پێشکەشکردنی یەکێک لە وتەکانیدا. فۆتۆ: AFP

ڕۆژی دووشەممە، دادگای باڵای ئەمریکا، بە زۆرینەی دەنگ، بڕیارێکی مێژوویی دا، کە دەسەڵاتی سەرۆک بۆ دوورخستنەوەی بەرپرسی زۆربەی ئاژانسە فیدڕاڵیییە سەربەخۆکانی ئەمریکای فراوان دەکات.

گۆڕانکاری گەورە لە هاوسەنگیی دەسەڵات

ئەم بڕیارە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هاوسەنگیی دەسەڵاتدا و کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی سەرۆک بەسەر ئەو دامەزراوانەدا مسۆگەر دەکات.

بڕیار لەسەر دوو دۆسیەی جیاواز

دادگاکە لەسەر دوو دۆسییەی جیاواز بڕیاری دا، یەکەمیان کەیسی ڕیبێکا کێلی سلاتەرە، کە دادوەران ڕێگەیان بە ترەمپ دا، ئەم ئەندامەی کۆمیسیۆنی بازرگانیی فیدڕاڵی، بە بێ هۆکار  لە کارەکەی دووربخاتەوە.

هەڵوەشاندنەوەی پێشینەیەکی نزیکەی سەد ساڵە

بەم بڕیارە، دادگای باڵا پێشینەیەکی نزیکەی سەد ساڵەی هەڵوەشاندەوە کە ڕێگە بە کۆنگرێس دەدات، توانای سەرۆک بۆ دەرکردنی سەرۆکانی دەزگا سەربەخۆکان سنووردار بکات.

کەیسی ئەندامێکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی بانکی ناوەندیی ئەمریکا

کەیسەکەی دیکەیان، کەیسی لیسا کووکە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندی ئەمریکا، کە دادگاکە بە زۆرینەی دەنگ ڕێگرییان لە دەرکردنی کرد لەلایەن ترەمپەوە و جەختیان لە "ڕۆڵی ناوازە" و سەربەخۆیی ئابووریی بانکی ناوەندی کردەوە و ڕایانگەیاند، ناتوانرێت بەرپرسانی ئەم بانکە بە ئارەزوو یان بەبێ ڕێکاری یاسایی و پێدانی مافی بەرگری لە خۆکردن بەرامبەر تۆمەتەکان، دووربخرێنەوە.

لیسا کووک، کە یەکەم ژنی ڕەشپێستە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگارانی بانکی ناوەندی، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد.

پێشوازیکردن لە بڕیارەکە

لەلای خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشوازی لە بڕیاری یەکەم کرد بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، کە لە هەوڵەکانی بۆ دوورخستنەوەی کوک بەردەوام دەبێت.

هەروەها دادگای باڵا داواکارییەکی پێداچوونەوەی ترەمپی ڕەتکردەوە و سزای پێنج ملیۆن دۆلاری بە تۆمەتی دەستدرێژی و ناوزڕاندنی نووسەر و ڕۆژنامەوان، ئی جین کارۆڵ وەکو خۆی هێشتەوە.

شێوە عومەر

2 کاتژمێر پێش ئێستا