سوپای تورکیا بە مەرج ڕێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانی نۆ گوندی زاخۆ دەدات

ژوان نیزام 3 کاتژمێر پێش ئێستا
بەشێک لە خانووی یەکێک لە گوندەکانی سنووری گەلی پساغا لە ئیدارەی زاخۆ
بەشێک لە خانووی یەکێک لە گوندەکانی سنووری گەلی پساغا لە ئیدارەی زاخۆ

پاش زیاتر لە 6 ساڵ لە ئاوارەبوون، سوپای تورکیا بە چەند مەرجێکی توند ڕێگەی بە دانیشتووانی 9 گوندی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دا بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانەوە چۆڵکرابوو و ئێستا گوندنشینان تەنیا لە کاتی دیاریکراودا دەتوانن سەردانی گوندەکانیان بکەن.

گەڕانەوەی گوندنشینان بۆ 9 گوندی سنووری زاخۆ

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی CPTی ئەمریکی، لەبارەی فشاری گوندنشینان و ڕەزامەندیی سوپای تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند، پاش زیاتر لە مانگێک لە فشاری دانیشتووانی 21 گوند، ڕۆژی 26ی حوزەیران، سوپای تورکیا ڕێگەی بە گوندنشینانی (بازنگیرا، گوندۆک، گەورک، کڕکڕانک، پەترۆمە، کەلۆک، مارسیس، ئەلانش و ئێرێ) لە گەلی پساغا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دا کە بە 6 مەرج بگەڕێنەوە بۆ نێو گوندەکانیان، کە زیاتر لە 6 ساڵە بەهۆی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای تورکیاوە چۆڵیان کردووە.

مەرجەکانی سوپای تورکیا بۆ گەڕانەوەی گوندنشینان

کامەران عوسمان لەبارەی مەرجەکانی سوپای تورکیا بۆ گوندنشینان ئاماژەی بەوە کرد کە بریتین لە:

 یەکەم: ڕۆژانە لە کاتژمێر 6ی بەیانی بۆ 7ی ئێوارە گوندنشینان دەتوانن بچنە گوندەکانیان و هیچ کەسێک بۆی نییە لە پاش 7ی ئێوارە لە گونددا بمێنێتەوە.

 دووەم: هیچ گوندنشینێک ڕێگەپێدراو نییە کە چەک و ئامێری بڕەڕی پێبێت، تەنانەت چەکی ڕاویش.

سێیەم: گوندنشینان تەنیا دەتوانن خواردنی یەک ڕۆژ بەرن بۆ گوند و ڕێگەپێدراو نین خۆراکی زیاتر لە ڕۆژێکیان پێبێت. چوارەم: لەکاتی تێپەڕبوون بە بازگەی تورکیادا، ناسنامەی هەموو سەرنشینان دەگیرێت و ناو و ناونیشان و زانیاریی کەسییان تۆمار دەکرێت.

پێنجەم: شۆفێری ئۆتۆمبێل، بەرپرسیار دەکرێت لە گەڕانەوەی تەواوی سەرنشینان لە ئێوارەدا و لە ئەگەری نەگەڕانەوەی هەر سەرنشینێک، شۆفێر لەلایەن سەربازانی تورکەوە دەستگیر دەکرێت.

شەشەم: سەربازانی تورکیا لە تۆماری دیجیتاڵیی دەزگا ئەمنییەکانیاندا، بۆ پاشخانی گوندنشینان دەگەڕێن کە ئەگەر تۆمەتبار بن بە هاوکاریکردنی گەریلا لە ڕابردوودا، ئەوا دەستگیریان دەکەن.

ئاسەواری وێرانکاری و تاڵانکردنی گوندەکان

ئەو دیمەنانەی لەسەر شاشەی کەناڵ8 دەردەکەون، ئاسەواری شەڕن لەناو ماڵی گوندنشینانی گوندی (مارسیس) و سوپای تورکیا بۆردوومانی بەشێک لە ماڵەکانی کردووە و دوای داگیرکردنی گوندەکە، سەربازان کەلوپەل و ئامێری کارەبایی ناو ماڵەکانیان تاڵان کردووە.

هۆکاری چۆڵکردنی گوندەکان و ئۆپراسیۆنی چنگی پڵنگ

ئەو 21 گوندەی کێشەیان لەسەرە وەک گوندەکانی دەڤەری سندی و گولی لە گەلی پساغا، لە ساڵی 2020 لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانی تورکیا بە ناوی "چنگی پڵنگ" (Claw-Tiger) چۆڵکران، لەو کاتەوە سوپای تورکیا بە قووڵایی چەندین کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دەستگیرکردنی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

ژوان نیزام

3 کاتژمێر پێش ئێستا