بازرگانیی جیهانيی ئۆتۆمبێل دەگاتە 3 تریلیۆن دۆلار؛ کڕین و فرۆشتنیشيان دەبێتە ئەلیکترۆنی
پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە شێوازی کلاسیکییەوە بۆ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان گۆڕاوە، کە تێیدا هەموو قۆناغەکانی پشکنین، نرخدانان و گواستنەوەی خاوەندارێتی بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجام دەدرێن. پێشبینی دەکرێت قەبارەی ئەم بازاڕە جیهانییە تا ساڵی 2033 گەشەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و بگاتە 3 تریلیۆن دۆلار.
تایبەتمەندییەکانی کڕین و فرۆشتنی ئەلیکترۆنی
لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەزۆری لە ڕێگەی پلاتفۆرمی دیجیتاڵی و سەکۆ ئەلیکترۆنییەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە بە ئەکشن دێڵ (ACTION DEAL) ناسراوە، ئەمەش ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی بریکارەکانەوە فرۆشیار و کڕیار پێکەوە دەبەستێتەوە. پرۆسەکە پشکنینی تەکنیکی و سۆنەری ئۆتۆمبێلەکەی تێدایە لەگەڵ پێدانی ژمارەی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکە بۆ زانینی جۆری ڕووداوی هاتووچۆکەی یاخود هەر کەموکوڕییەکی دیکە، پاشان پرۆسەی نرخدانان و پرۆسێسی پارەدان بە شێوەی ئەلیکترۆنیی پارێزراو ئەنجام دەدرێت و لە ماوەی چەند خولەکێکدا خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل لە فرۆشیارەوە بۆ سەر ناوی کڕیار دەگوازرێتەوە. پرۆسەکەش پێویستی بە سەردانیکردن و هیچ مامەڵەیەکی فەرمانگەی حکومی یاخود هاتووچۆ نییە.
گەشەی ساڵانەی بازاڕی جیهانیی ئۆتۆمبێل
بازرگانیی جیهانیی ئۆتۆمبێل (هاوردە و هەناردە) لە وڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو یاخود نوێ بە جۆرێکە، ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی میکانیزمێکی تایبەتەوە کە لە ڕێگەی زیادکردنی ئاشکراوە دەفرۆشرێت و پشت بە زیادکردنی گەورەی ئۆنلاین دەبەستن. بەگوێرەی داتاکان لە ساڵی 2025دا بازاڕی جیهانیی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو بە نزیکەی 2 تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2033 گەشە بکات و بگاتە 3 تریلیۆن دۆلار. ئەم کەرتە فراوانبوونی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە بە ڕێژەی گەشەی ساڵانەی 5.4%، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێلی نوێ و فراوانبوونی پلاتفۆرمی فرۆشتنی ئۆنلاین.
شەفافیەت و بنەماکانی دیاریکردنی نرخ
هەنگاوەکانی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا و بەتایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتوو، پرۆسەیەکی تەواو شەفافە لە بازرگانیی ئۆتۆمبێلدا بۆ گەرەنتیکردنی مافەکانی هەردوولا، بەجۆرێک نرخدانان لەسەر بنەمای داتاکانە؛ بەو مانایەی نرخی ئۆتۆمبێلەکە لەسەر بنەمای پشتبەستن بە بارودۆخ و مێژووی چاککردنەوە (ڕاپۆرتی مێژووی ئۆتۆمبێل) و کیلۆمەترەکانی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلەکە دیاری دەکرێت.
گواستنەوەی خاوەندارێتی و بیمەی دەستبەجێ
گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئەلیکترۆنی بەجۆرێکە گرێبەستەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ دەکرێن، هەروەها گواستنەوەی خاوەندارێتی بە شێوەی ئۆنلاین لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆدا تۆمار دەکرێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە کاغەز هەبێت، ئەمەش ڕێگە دەدات بە دەرکردنی دەستبەجێی تابلۆی ئۆتۆمبێلی نوێ و بیمە بۆ کڕیار لە هەمان ڕۆژدا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا