قەیرانى ئابووریى و وەبەرهێنان عێراق ناچار دەکات داوای پشکی زیاتر لە ئۆپێک بکات

ئارا ئیبراهیم 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی وەزارەتی نەوتی عێراق و ڕێکخراوی ئۆپێک
لۆگۆی وەزارەتی نەوتی عێراق و ڕێکخراوی ئۆپێک

عێراق لەژێر فشاری لێکەوتەکانی جەنگ و بۆ بووژاندنەوەی کەرتی ئابووری، هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی پشکی بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی ڕێکخراوی ئۆپێکدا چڕ کردووەتەوە. ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە بەغداد دەیەوێت توانای بەرهەمهێنانی بگەیەنێتە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام هاوکات دەنگۆی کشانەوەی لە ڕێکخراوەکە بە فەرمی ڕەت دەکاتەوە.

لێکەوتەکانی جەنگ و شەپۆلی نوێی وەبەرهێنان

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا دەربارەی هۆکارەکانی فشاری عێراق بۆ سەر ئۆپێک ئاماژەی بەوە کردووە، لێکەوتەکانی جەنگی ئێران و شەپۆلێکی وەبەرهێنانی نوێ لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانی نەوتەوە، وای لە عێراق کردووە فشارەکانی بۆ بەرزکردنەوەی پشکی بەرهەمهێنانی لە چوارچێوەی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) چڕتر بکاتەوە.

ئاڵنگارییەکانی بەردەم ڕێکخراوی ئۆپێک

بەگوێرەی ئاژانسەکە، ئەم هەنگاوە ئاڵنگاریی بەردەم ئۆپێک زیاتر دەکات، کە تا ئێستاش مامەڵە لەگەڵ کاردانەوەی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کشانەوەی لەناکاوی ئیمارات دوای نزیکەی 60 ساڵ ئەندامێتی دەکات.

کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان

جەنگی ئێران بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە 4 ملیۆن و 150 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ تەنیا 1 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هاوکات هەناردەی نەوتەکەی لە ماوەی جەنگدا لە 3 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل بۆ 230 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دابەزی.

فشارە ئابوورییەکان و داواکارییەکانی بەغداد

ڕاوێژکارێکی کەرتی وزەی عێراق لەبارەی زیادبوونی فشارە ئابوورییەکان بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، داواکاریی عێراق بۆ پشکی گەورەتر لە ئۆپێک بە شێوەیەکی سەرەکی لە وەڵامی زیادبوونی فشارە ئابوورییەکاندایە. هەروەها ناوبراو لەبارەی پچڕانی هەناردەکردنی نەوت ئاماژەی بەوە کردووە، پچڕانی هەناردەکردن و زیانەکانی پەیوەست بە جەنگ پێویستیی بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانیان زیادکردووە.

پێگەی عێراق وەک ئەندامێکی دامەزرێنەر

عێراق کە یەکێکە لە پێنج ئەندامی دامەزرێنەری ئۆپێک و دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپێک، بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی نەوت کە گەورەترین بەشی داهاتی دەوڵەت پێکدەهێنێت، زیانێکی گەورەی ئابووریی بەرکەوت.

ڕەتکردنەوەی دەنگۆی کشانەوە لە ئۆپێک

سەرچاوە ئاگادارەکان هەفتەی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندبوو، عێراق بیر لە کشانەوە لە ڕێکخراوەکە دەکاتەوە، بەڵام عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی ئەگەری کشانەوەی وڵاتەکەی لە ئۆپێک ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی دووپاتکردەوە، حکومەتی عێراق ئەگەری کشانەوەی عێراق لە ئۆپێک تاوتوێ نەکردووە.

ئامانجەکانی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنان

ئەمە لەکاتێکدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ئەوەی خستووەتەڕوو توانای بەرهەمهێنانی عێراق 4 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا و عێراق هەوڵ دەدات توانای بەرهەمهێنانی بۆ نزیکەی 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە.

ئارا ئیبراهیم

2 کاتژمێر پێش ئێستا