بازاڕی شێواوی پێشەنگاکانی ئۆتۆمبێل؛ لە فرۆشتنی بەشانوباڵدا هەڵدان تاوەکو فێڵی دەڵاڵەکان

ئارا ئیبراهیم 1 کاتژمێر پێش ئێستا
چەند ئۆتۆمبێلێک لە یەکێک لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل دا
چەند ئۆتۆمبێلێک لە یەکێک لە پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل دا

پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە پێشەنگاکانی هەرێمی کوردستاندا بەدەست نەبوونی یاسایەکی یەکگرتوو و چاودێریی حکومییەوە دەناڵێنێت. نرخەکانی گرێبەست لە نێوان 80 هەزار دینار تاوەکو 500 دۆلاردا جێگیر کراون و دیاریکردنی نرخەکەش تەنیا لەژێر ڕەحمەتی خواستی خاوەن پێشەنگاکاندایە، هاوکات کڕیاران ڕووبەڕووی چەندین جۆر فێڵ و سەرانەی ناچاری دەبنەوە.

شێوازی مامەڵەکردن لە پێشەنگاکاندا

مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بووەتە دیاردەیەک، کە هەموو ڕۆژێک هاونيشتمانیان دەچنە پێشەنگاکانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دا هەوڵی کڕین یان فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەدەن، هاونیشتمانی کاتێک دەچێت بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک سەرەتا لەناو پێشەنگاکەدا پرسیار لەسەر نرخی چەند ئۆتۆمبێلێکی دڵخوازی خۆی دەکات، پاشان فرۆشیاری ئۆتۆمبێلەکە لەناو پێشەنگاکە دەکەوێتە وەسفکردنی، بەشان و باڵیدا هەڵدەدات پێی دەڵێت، هەموو پێشەنگا و مەعرەزەکان بگەڕێی ئۆتۆمبێلێکی دیکەی وەک ئەمەی تێیدا نییە، ئیتر پاش مامەڵەکردن و ڕێککەوتن لەسەر نرخەکەی گرێبەستێک دەنووسرێت.

جیاوازیی نرخی گرێبەستەکان و نەبوونی چاودێری

نرخی گرێبەست لە پێشەنگایەکەوە بۆ پێشەنگایەکی دیکە دەگۆڕێت و لە 80 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 500 دۆلار دەڕوات ئەوەش بەگوێرەی جۆر و نرخی ئۆتۆمبێلەکە دەگۆڕێت و نرخی گرێبەستەکەش لەلایەن خاوەن پێشەنگاکەوە دیاری دەکات و حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ناچن بەلای ئەم پرسە گرنگەدا، کە ڕەنگە ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستاندا سەدان مامەڵە بکرێت.

پارەی چایچییەکان؛ بارگرانییەکی دیکە

بێجگە لە پارەی گرێبەستی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل پاشان دەبێت بڕە پارەیەکیش بدرێتە چایچییەکەی پێشەنگاکە، هەیە 10 هەزار دینار دەدات، هەیە لەو کاتەدا پارەی پێنج هەزاری و 10 هەزاری پێ نییە و لە ڕوودا دادەمێنێت 25 هەزار دینار دەدات.

مەرجی 24 کاتژمێرەکە و فێڵی کەمکردنەوەی نرخ

یەکێک لە کێشەکانی کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیارەکان ئەو فێڵەی لە کڕیار دەکرێت، دیاریکردنی کاتە 24 کاتژمێرییەکەیە و بەگوێرەی ئەوەش ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئۆتۆمبێلەکە گرفتی هەبێت کڕیار دەتوانێت بیگەڕێنتەوە پارەکەی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام فرۆشیار ئەوەی قبووڵ نییە و هەر چەند کەسێک لەناو پێشەنگاکە دەوری کڕیار و فرۆشیار دەدەن بۆ ئەوەی ڕێکیان بخەن، لەو کاتەدا یان ئۆتۆمبێلەکە دەدەن بەسەریدا، یان کڕیار سوور دەبێت لەسەر ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی ناوێت و لەبەر ئەوەش 200 تاوەکو 500 دۆلار کەمتر دەدەنەوە بە کڕیار. زیانێک لە گیرفانی کڕیار دەدرێت، کە دەبێت لێی نەدرێت.

زیانەکانی فرۆشتنەوەی خێرا

هەر ئەو ئۆتۆمبێلەی کە ئەمڕۆ کڕیووتە پاش یەک هەفتە بیبەیتەوە بۆ هەمان پێشەنگا و هەمان فرۆشیار، 1000 دۆلار کەمترت پێدەدات، کەواتە لە سەرەتاوە، کە ئۆتۆمبێلەکەت کڕیوە لە نرخی خۆی زیاتر پارەت لێوەرگیراوە.

جیاوازیی نێوان گرێبەستی پێشەنگا و فەرمانگەی هاتوچۆ

هێمن سابیر حەسەن، خاوەنی پێشەنگای ئۆڕاکڵ لە سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 سەبارەت بە جۆری گرێبەستەکان ڕایگەیاند، "گرێبەستی ناو پێشەنگاکان گرێبەستی کڕین و فرۆشتنە لە نێوان کڕیار و فرۆشیاری ئۆتۆمبێل، بۆ ئەوەی ئەگەر پێبژاردنی تیژڕەویی هاتوچۆ هەبێت یان پارەیەکی تێدا بێت کە نەدرابێت بەگوێرەی بەرواری گرێبەستەکە یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵام گرێبەستی ئەلیکترۆنی کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ دەکرێت بۆ بەناوکردنی ئۆتۆمبێلە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە".

وردەکاریی تێچووی گرێبەست

ناوبراو لەبارەی جیاوازیی نرخەکان و پشکی چایچییەکانەوە گوتیشی "نرخی گرێبەستی پێشەنگای کڕینی ئۆتۆمبێل پێشەنگا بۆ پێشەنگا جیاوازیی هەیە، کە بۆ دەفتەرێک دۆلار، 100 دۆلارە، پێشەنگا هەیە 100 هەزار و 80 هەزار دینارە و پێشەنگاش هەیە 500 دۆلار وەردەگرێت بەتایبەت بۆ ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکان و هەر چەند دیاری بکرێت خاوەنی پێشەنگاکە خۆی دیاری دەکات و کەس حەقی نییە، پێدانی بڕە پارەیەکیش بۆ چایچییەکان ئارەزوومەندانەیە بەڵام لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکە داوا لە کڕیار دەکرێت بڕە پارەیەک بدرێتە چایچییەکە کە لە پێشەنگاکەی ئەوان تەنیا پێنج هەزار دینارە".

بەرپرسیارێتی و مەرجی گەڕاندنەوە لە پێشەنگاکاندا

هێمن سابیر لەبارەی ئەو 24 کاتژمێرەی دیاری کراوە و کێشەکانی پشکنینەوە گوتی "هەزاران حاڵەتی وا هەیە و ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کە هۆکارەکەی بۆ هەردوولا دەگەڕێتەوە ئەگەر ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو یان ئۆتۆمبێلێکی کۆن بکڕیت پاش پشکنینی بۆیاخ و گێڕ و مەکینەی ئۆتۆمبێلەکە، هاتیتەوە و تێبینیی خۆت وت 100 دۆلار یان 200 دۆلار کەمدەکەینەوە، چونکە پشکنینت کردووە و خۆت ڕەزامەندیت داوە، ئیتر دوای ئەوە ئێمە لێی بەرپرس نابین و گرەنتیی ئۆتۆمبێلەکە ناکەین هەندێک جار تووشی سەرئێشە دەبین، بەڵام ئەگەر گرەنتیی ئەوە بکەم بڵێم ئۆتۆمبێلەکە ببە و بەیانی ئەگەر بە دڵت نەبوو بیهێنەوە ئەوە دەبێت پابەند بین پێوەی".

فرۆشتنی مشتەخۆڵ بە هەزاران دۆلار

ناوبراو لەبارەی شێوازی قسەکردنی فرۆشیارانەوە گوتیشی "لەناو پێشەنگاکان پاش پشکنینی ئۆتۆمبێل ئێمە دەڵێین کاکە ئەوە بە مشتێک خۆڵ پێمانداوی، ئەمە قۆڵبڕین نییە و قسەیەکە بۆ فرۆشتنی کاڵایەک ئەم قسانە دەکرێت".

فێڵی دەڵاڵەکان و متمانەی کڕیاران

هاوکات خاوەن پێشەنگایەکی دیکە، کە نەویست ناوی بهێندرێت، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵ8 لەبارەی لایەنی ویژدانی و فێڵی دەڵاڵەکانەوە دەڵێت "فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەوێتە سەر ویژدانی فرۆشیار و هەیە ڕۆژی 1000 دۆلاری پێبدە ئامادە نییە یەک سەنت حەرام بخوات، هەیە خۆی بەدوای نانی حەرامدا دەگەڕێت و گوێی پێنادات".

فێڵی دۆست و ناسیاو لە کڕیاران

 ناوبراو گوتیشی، "هاونیشتمانی هەیە دێت بە حسابی ناسیاو، یان دۆستێکی (کەسێکی دەڵال) هێناوە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلێک، پاش ئەوەی کڕیار ئۆتۆمبێلەکەی بەدڵە، دەڵاڵەکە لە پشتەوە لەگەڵ فرۆشیار ڕێکدەکەوێت و دەڵێت، حسابی 500 دۆلار بۆ من بکە، بێجگە لەوەی لە کڕیار بەناوی (فێرس)ەوە 100 دۆلاری لێ وەردەگرێت".

جیاوازیی دابەزینی نرخی ئۆتۆمبێلە گرانبەها و هەرزانەکان

ئەو خاوەن پێشەنگایە ئەوەشی ڕوونکردەوە، هەیە ئۆتۆمبێلێکی لاندکرۆزەر دەکڕێت بە 70 هەزار دۆلار، پاش هەفتەیەک دەیهێنێتەوە ئۆتۆماتیکی 25 بۆ 30 وەرەقە کەمتر دەکات، چونکە فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بەو نرخانە فرۆشتنەوەی قورسترە لە ئۆتۆمبێلێک کە بەهاکەی 10 هەزار دۆلارە، کە ئەگەر ئۆتۆمبێلێک بەهاکەی 10 هەزار دۆلار بێت و پاش هەفتەیەک بیهێنێتەوە بە 200 بۆ 300 تاوەکو 500 دۆلار کەمتر دەڕواتەوە، ئەویش ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ یان زیان بەر مەکینەکەی نەکەوتبێت.

ئارا ئیبراهیم

1 کاتژمێر پێش ئێستا