لیژنەیەکی وەزارەتی کارەبای عێراق بۆ بڕینی زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕی کارەبا گەیشتە کەرکووک

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
یەکێک لە وێستگەکانی دابەشکردنی کارەبا
یەکێک لە وێستگەکانی دابەشکردنی کارەبا

لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی کارەبای عێراق بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی سەرپێچیکاران و بڕینی زێدەڕۆییەکان گەیشتە کەرکووک. بەپێی بڕیارە نوێیەکان، سەرپێچیکاران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ڕەوانەی دادگا دەکرێن و مەترسیی زیندانیکردنیان بۆ ماوەی 3 تا 7 ساڵ لەسەرە، ئەمەش لەکاتێکدایە پارێزگاکە بەدەست کەمیی دابینکردنی وزەی کارەباوە دەناڵێنێت.

دەستپێکردنی هەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆییەکان

لیژنەیەک لە وەزارەتی کارەبای عێراقەوە گەیشتە کەرکووک و بڕیارە سزای هەموو ئەو کەسانە بدەن کە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر کارەبای نیشتمانی لە گەڕەک و ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە.

دەسەڵاتەکانی لیژنە وزارییەکە بۆ سزادانی سەرپێچیکاران

دانیاڵ هەمەوەندی، جێگری بەڕێوەبەری فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کەرکووک، لەبارەی ئەرک و دەسەڵاتەکانی لیژنەکەوە بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، لیژنەکە لەژێر سەرپەرشتیی بریکاری وەزیری کارەبا کارەکانی دەکات و دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ سزادان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند لەدژی سەرپێچیکاران.

ڕێکارە یاساییەکان و سزای زیندانیکردن

دانیاڵ هەمەوەندی، لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ سەرپێچیکاراندا گوتیشی، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە نەهێڵراوە و هەرکەسێک زێدەڕۆیی کردبێتە سەر کارەبای نیشتمانی، ڕاستەوخۆ ڕەوانەی دادگا دەکرێت و پاش لادانی زێدەڕۆییەکەش، لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی، کەسی سەرپێچیکار بەگوێرەی ماددەی 444ی یاسای سزادان، 3 ساڵەوە تاکو 7 ساڵ زیندانی دەکرێت.

کورتھێنان لە پێدانی وزەی کارەبا بە کەرکووک

چوونی ئەم لیژنە وزارییە و گەڕانی مەیدانی بۆ نەهێشتنی زێدەڕۆییەکانی سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە کەرکووک لە کاتێکدایە، لە وەرزی هاویندا پارێزگای کەرکووک پێویستی بە 1600 مێگاوات هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا 900 مێگاواتی لە تۆڕی کارەبای نیشتمانیی عێراقەوە پێ دەگات.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا