لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران؛ ناوی دەستەی دەستپاکی عێراق بووەتە جێی سەرنج

شۆڕش محەمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی دەستەی دەستپاکی عێراق
لۆگۆی دەستەی دەستپاکی عێراق

لەگەڵ ئەو ئۆپراسیۆنانەى کە لە عێراق بۆ دەستگیرکردنى گەندەڵکاران بە سەرپەرشتى عەلى فالیح زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەستى پێکردووە، ناوى دەستەى دەستپاکى بۆتە جێى سەرنج و زۆر باس دەکرێت.

چالاککردنی ڕاوەدونانی دۆسیەکانی گەندەڵی

دەستەى دەستپاکى عێراق ڕایگەیاند، ئەم ڕێوشوێنانە بەرهەمی هاوکاریی نێوان دەسەڵاتەکانی دادوەری، جێبەجێکردن و یاسادانانە و لە ژێر ڕۆشنایی یاسا و بە سەرپەرشتی دەسەڵاتی دادوەری جێبەجێ کراون، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ چالاککردنی ڕاوەدونانی دۆسیەکانی گەندەڵی.

دەستەی دەستپاکی چییە؟

دامەزراوەیەکی حکومی سەربەخۆیە کە لە ساڵی 2004 بەگوێرەى فەرمانی ژمارە 55ـی دەسەڵاتی کاتى هاوپەیمانی دامەزراوە، پاشان لە ماددەی 102ـی دەستووری عێراق لە ساڵی 2005ـدا جێگیرکرا.

ئەم دەستەیە لەژێر چاودێریی ئەنجوومەنی نوێنەراندایە، خاوەنی کەسایەتی مه‌عنه‌وی و سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕییە و لەلایەن سەرۆکێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە نوێنەرایەتی یاسایی دەکات.

ئامانج لە دامەزراندنی دەستەکە چییە؟

ئامانجی دەستەکە ڕێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەهێزکردنی بنەماکانی دەستپاکی، شەفافییەت و لێپرسینەوەیە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە پاراستنی ماڵی گشتی و چەسپاندنی حوکمڕانی دڵسۆزانە.

دیارترین دەسەڵاتەکانی دەستەکە

لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی لەژێر سەرپەرشتی دادوەریدا و بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیانەی کە لێکۆڵەرانی دەستەکە ڕاستەوخۆ دەستیان پێ نەکردووە لەگەڵ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاساکانی دژە گەندەڵی و پابەندکردنی بەرپرسانی باڵا بە ئاشکراکردنی دارایی و سەروەت و سامانیان، هەروەها بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی دەستپاکی و دەرکردنی ڕێساکانی ڕەفتاری پیشەیی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا

ڕۆڵی دەستەکە لە ئۆپراسیۆنەکەى ناوچەى سەوزدا:

دەستەی دەستپاکی لە پێشەنگی ئەو ئۆپراسیۆنەدا بوو کە ژمارەیەک تۆمەتباری دۆسیەکانی گەندەڵی کردە ئامانج. دەستەکە جەختی لەوەکردەوە ئەم ڕێوشوێنانە دوای پرۆسەی بەردەوامی بەدواداچوون، وردبینی و چاودێری هاتوون و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی دادوەریی، جێبەجێکردن و یاسادانان کراون.

ڕاشیگەیاند، سەرجەم ڕێوشوێنەکان بەگوێرەى یاسا و لەژێر چاودێریی دادوەری جێبەجێ دەکرێن، لەگەڵ پابەندبوونی بە ئاگادارکردنەوەی ڕایگشتی لە هه‌نگاوه‌كانی کارەکانی بەبێ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان هەبێت.

ئەرکەکانی دەستەکە تەنیا لە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردندا کورت ناکرێنەوە و کاری دەستەکە لە بەدواداچوونی دادوەری زیاترە، دەستەکە ڕۆڵێکی خۆپارێزی دەگێڕێت کە پێشنیازکردنی یاسای نوێ، بەهێزکردنی ئاشکراکردنی دارایی بەرپرسان و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیریی شەفافییەت و لێپرسینەوە لەخۆدەگرێت، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی دەرفەتەکانی ڕوودانی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

ئێستا کێ سەرۆکایەتى دەستەکە دەکات؟

لە تشرینى یەکەمى 2024ـەوە دادوەرێک بەناوى محەممەد عەلى لامى سەرۆکایەتیی دەستەکە دەکات.  محەممەد عەلى لامى هەڵگرى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆرایە لە یاساى گشتى و هاوسەرگیریى کردووە و چوار منداڵى هەیە و پێشتر چەندین بەرپرسیارێتى هەبووە لە دەستەى دەستپاکى و جێگری سەرۆکى تیمى گەڕاندنەوەى پارە بەقاچاخبراوەکانى عێراق بووە لە ساڵى 2017 و هەروەها ئەندامى لیژنەى سڕکردنى پارەى تیرۆریستان بووە لە 2016 و پاشان بووەتە ڕاوێژکاریی یاسایى لە ئەمیندارێتى گشتى ئەنجوومەنى وەزیران.

شۆڕش محەمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا