پارێزگاى سلێمانى 500 ملیار دینارى بەڵێندەران و هاونیشتمانییان قەرزارە
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، کە لە بەرپرسانی دارایی لە بانکی ناوەندیی هەرێم- لقی سلێمانی دەستیکەوتووە، لە ساڵی 2014 تاوەکو ئێستا 500 ملیار دیناری بەڵێندەران و هاونیشتمانییان قەرزارە، بەشێکی هۆکارەکەش بۆ جیاکاریی تەرخانی دارایی لەنێوان هەولێر و سلێمانی دەگەڕێتەوە، کە بۆ هەولێر پارەی زیاتر دابینکراوە.
قەرزەکانی سەر شانی حکومەت لە سنووری سلێمانی
بەرپرسێکی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی قەرزەکانی سەر شانی حکومەتەوە بە کەناڵ8ـی گوت، "لەپاش قەیرانی دارایی بەتایبەت لە ناوەڕاستی ساڵی 2014، ئەو پڕۆژانەی لە ڕێگەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و بودجەی پترۆدۆلار کراون، سلێمانی سەدان ملیار دیناری بەڵێندەران قەرزارە و نەتوانراوە پێیان بدرێتەوە.
گرفتی گەڕانەوەی سپاردەی هاونیشتمانییان
ئەو بەرپرسە داراییە لەبارەی دۆخی گەڕانەوەی پارەی سپاردەی هاونیشتمانییانەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی دۆخی دارایی و بەدەمەوەنەهاتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناتوانن وەک پێویست پارەی ئەو هاونیشتمانییانە بگەڕێننەوە کە لە بانک هەڵیانگرتوون، بۆیە بەگوێرەی ئەو پارەیەی لەبەردەستدایە، بە بڕی کەم کەم پێیان دەدرێتەوە.
جیاکاری لە خەرجییەکانی بەکاربردن
هەمان سەرچاوە لەبارەی جیاکاری لە خەرجییەکانی بەکاربردن باسی لەوەش کرد، لە کتێبەکەی وەزارەتی دارایی بەڕوونی دەرکەوت کە جیاکاری لەنێوان خەرجییەکانی بەکاربردنی پارێزگای هەولێر و سلێمانی کراوە. ئەو بەرپرسە لەبارەی دابەشکاریی ڕێژەی خەرجییەکانەوە گوتیشی، "پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین تەنیا 36%ـی خەرجیی بەکاربردنیان هەبووە و پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران 44%ـی خەرجییەکانیان هەبووە."
پشکی پارێزگای دهۆک لە خەرجییەکان
ئەو بەرپرسە لەبارەی پشکی پارێزگای دهۆکەوە ئەوەشی دووپاتکردەوە، تەنیا پارێزگای دهۆک 19%ـی کۆی خەرجییەکانی بەکاربردنی هەبووە، کە لە نیوەی خەرجییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین زیاترە.
ئەرکی کابینەی نوێی حکومەت بەرامبەر قەرزەکان
بەرپرسەکەی بانکی ناوەندیی هەرێم - لقی سلێمانی لەبارەی ئەرکی داهاتووی حکومەتەوە جەختی لەوە کردەوە، لە داهاتوودا هەرکات حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، دەبێت دانەوەی قەرزی هاونیشتمانییان و بەڵێندەران کاری لەپێشینەی بەرپرسانی سلێمانی بێت، چونکە کاریگەریی دەکاتە سەر جووڵەی ئابووری و بازاڕ.
3 کاتژمێر پێش ئێستا