کێشەی کەمئاوی لە چەندین گەڕەکی دهۆک سەرهەڵدەداتەوە و دانیشتوانەکەی ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن

ژوان نیزام 3 کاتژمێر پێش ئێستا
دیمەنێکی گشتیی شاری دهۆک
دیمەنێکی گشتیی شاری دهۆک

بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کێشەی کەمئاوی لە چەندین گەڕەکی بەرزی شاری دهۆک دروستبووە. دانیشتووانی ئەو ناوچانە بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن و ناچارن بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، چەند ڕۆژ جارێک تانکەرێک ئاو بە بڕی 25 هەزار دینار بکڕن، کە ئەمەش بارگرانیی دارایی بۆ دروستکردوون.

سەرهەڵدانی کێشەی کەمئاوی لە دهۆک

لە چەندین گەڕەکێکی شاری دهۆک کێشەی کەمئاوی دروستبووە و دانیشتووانەکەی ناچارن بە تانکەر ئاو بکڕن. بەگوێرەی بەدواداچوونی پەیامنێری کەناڵ8 لە دهۆک ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و گەرما دانیشتووانی گەڕەکە بەرزەکانی شارەکە بەتایبەتی ئیتێتێ، نزارکێ، گرێ باسێ و حەوشکێ کێشەی کەمئاویان بۆ دروست دەبێت و ناچار دەبن بە تانکەر ئاو بکڕن.

بارگرانیی دارایی لەسەر شانی هاووڵاتییان

پەیامنێری کەناڵ8 ئاماژەی بەوەشکرد، هەر خێزانێکی ئەو گەڕەکانە بە ناچاری دەبێت چەند ڕۆژ جارێک تانکەرێک ئاو بە نزیکەی 25 هەزار دینار بکڕن، کە ئەمەش بارگرانییەکی گەورە لەسەر بژێوی دروست دەکات.

داواکاریی بەرپرسان لە دانیشتووانی گەڕەکەکان

پەیامنێری کەناڵ8 لەبارەی چارەسەری کێشەکەوە دەڵێت، بەرپرسانی ئیداریی دهۆک، وەک چارەسەری گرفتی کەمئاوی داوایان لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە کردووە، دەست بە ئاوەوە بگرن و کەم بەکاربهێنن.

ژوان نیزام

3 کاتژمێر پێش ئێستا