عێراقییەکان چاویان لەوەیە تۆڕەکە حوتە گەورەکانیش بگرێت

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
پێشبینی دەکرێت تۆڕە گەندەڵییەکانی عێراق هاوشێوەی پۆلی دۆمینە یەک لە دوای یەک بکەون
پێشبینی دەکرێت تۆڕە گەندەڵییەکانی عێراق هاوشێوەی پۆلی دۆمینە یەک لە دوای یەک بکەون

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەڵمەتێکی دژە گەندەڵی بە ناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" دەستپێکردووە کە لە دوای ساڵی 2003ـەوە هاوشێوەی نەبووە. ئەگەر ئەم هەڵمەتە بەم ئیرادەیەوە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت تۆڕە گەندەڵییەکان بڕووخێن؛ هەرچەندە عێراقییەکان مەترسیی ئەوەیان هەیە کە ئەم هەوڵانەش تەنیا وەک نمایشێکی میدیایی بمێننەوە.

پێشبینییەکان بۆ داهاتووی تۆڕە گەندەڵییەکان

ئەگەر هەڵمەتی دژە گەندەڵی بە هەمان خێرایی و ئاستی ئیرادە بەردەوام بێت، پێشبینی دەکرێت ئەو تۆڕە گەندەڵییانەی لە ساڵانی ڕابردوودا دروستبوون، هاوشێوەی پۆلی دۆمینە یەک لە دوای یەک بکەون.

ڕێبازی نوێی سەرۆکوەزیران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی

ئەو ڕێبازەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی گەندەڵی دەستیپێکردووە، لە ساڵی 2003ـەوە هاوشێوەی نەبووە، خۆی بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هیچ "هێڵێکی سوور"ـی لەم هەڵمەتەدا نییە.

بەربەستەکانی بەردەم هەڵمەتی دژە گەندەڵی

ئەم هەڵمەتەی زەیدی کە خواستێکی کۆنی عێراقییەکانە، خۆی لەبەردەم دیواری پۆڵایینی سیاسی و پلەدارەکاندا دەبینێتەوە کە ئێستا وادەردەکەوێت ئامانجەکە ئەوانن، لە سەرەتاشدا بەرپرسانی ڕیزی دووەم و سێیەمی گرتووەتەوە.

هەڵوێستی سیاسییەکانی ڕیزی یەکەم

سیاسییەکانی ڕیزی یەکەم و ئەوانەی کە بەشێکیان بە دەوڵەتی قووڵ ناودەبرێن، پشتیوانیی خۆیان بۆ "هەڵمەتی بەرەبەیان" پێشانداوە، ئەوەش لە کاتێکدایە بەلای عێراقییەکانەوە ڕەنگە هەر ئەوانە خۆیان سەرەگەورەکانی گەندەڵی بن.

ئەو لایەنانەی پشتیوانیی خۆیان ڕاگرتووە

بەشێک لەوانەی پشتیوانییان بۆ زەیدی دەربڕیوە خۆیان جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانییان بەدەستەوە بووە، وەک نووری مالیکی دوو خول سەرۆکوەزیران بووە و حەیدەر عەبادیش خولێک، محەممەد حەلبووسیش سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە و موقتەدا سەدریش کە ساڵانێک ڕەوتەکەی لە جومگە هەستیارەکانی حوکمڕانیدا بووە ئەویش پشتیوانیی بۆ زەیدی ڕاگرتووە.

پێگەی عێراق لە پێوەری نێودەوڵەتیی شەفافییەتدا

ئەمەش لە کاتێکدایە لە سایەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکاندا، عێراق تۆمارێکی ڕەشی لە گەندەڵیدا هەیە، ڕاپۆرتێکی ساڵانەی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2025 دەریدەخات لە کۆی 182 وڵات عێراق پلەی 136ـی لە پێوەری گەندەڵیدا هەیە و لە کۆی 22 وڵاتی عەرەبی لە گەندەڵیدا هەشتەمە.

داواکاریی هاووڵاتییان بۆ بەردەوامیی پرۆسەکە

هەندێک لە عێراقییەکان لەبارەی پرۆسەی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانەوە بۆچوونیان وایە، شەو و ڕۆژێک بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و هەڵمەتێکیش بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی بەس نییە، چاویان لەوەیە هەڵمەتەکەی زەیدی وەک نمایشی میدیایی نەمێنێتەوە و بەردەوام بێت.

شاردنەوەی دارایی و پارەی کاش لەلایەن بەرپرسانەوە

لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لەو کێشانەی بەرۆکی عێراقی گرتبوو، کەمبوونەوەی پارەی کاش بوو لە بازاڕدا یاخود نەخولانەوەی پارە لە بازاڕدا، لە "هەڵمەتی بەرەبەیان"دا دەرکەوت بەرپرسەکان پارەکانیان لەناو دیوار، ژێرزەمین و مەزراکان شاردووەتەوە و بەشێکیشیان داوە بە زێڕ.

ئاشکرابوونی بەشێک لە تۆڕی دەستڕۆیشتووان لە کەرتی نەوتدا

لە وڵاتانی نەوتداردا، زۆرجار گەندەڵی هاوشانی پرۆسەی حوکمڕانی دێت، لە عێراقیشدا کە سەدا 90ـی سەرچاوەی داهاتەکەی نەوتە، باوەڕ وایە کە تۆڕێکی ڕەگداکوتاوی دەستڕۆیشتووی گەندەڵی دروست بووە و لە دواى دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی بریکاری وەزارەتی نەوتەوە بەشێک لە تۆڕەکە ئاشکرا بووە.

ترسی عێراقییەکان لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەکان

ترسێک لای عێراقییەکان ئامادەیی هەیە ئەویش ئەزموونی تاڵیانە لەگەڵ حکومەتەکانی پێشوو، بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی وەک ئەوەی مستەفا کازمی و سوودانی لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان دەستیانپێکرد، بەڵام کاروانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییان نەگەیاندە مەنزڵ و دارودەستەکەی ئەوانیش بوونە بەشێک لە تۆڕەکانی گەندەڵی.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا