پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە و لە هەندێک ناوچە خۆڵبارین ڕوودەدات
دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینییەکانی بۆ دۆخی کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو ڕاگەیاند و ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کرد. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان ساماڵ دەبێت، بەڵام بەهۆی چالاکبوونی خێرایی باوە، لە هەندێک شوێنی ناوەڕاست و باشووری وڵات شەپۆلێکی خۆڵبارین دروست دەبێت و مەودای بینین کەمدەکاتەوە.
کەشی پێشبینیکراوی ڕۆژی چوارشەممە
دەستەی کەشناسیی عێراق لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، سبەی چوارشەممە لە سەرتاسەری وڵات ئاسمان ساماڵ و کەشوهەوا گەرم دەبێت، پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی باشوور کەمێک بەرز دەبنەوە و لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکووریش هاوشێوەی ڕۆژی پێشتر دەبن.
پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان
لە ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی کەشناسی ئاماژە بە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی چوارشەممە لە پارێزگاکان کراوە بەمجۆرە: دهۆک و سلێمانی 40 پلە، هەولێر 42 پلە، نەینەوا و ئەنبار 43 پلە، کەرکووک 44 پلە، بەغدا و سەڵاحەددین و دیالە و واست 45 پلە، بابل و نەجەف و کەربەلا و دیوانییە و موسەننا 46 پلە، میسان و زیقار و بەسرە 47 پلە.
خێرایی با و دروستبوونی خۆڵبارین لە ڕۆژی پێنجشەممە
دەستەی کەشناسیی عێراق لەبارەی کەشوهەوای ڕۆژی پێنجشەممەوە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، ڕۆژی پێنجشەممە ئاسمان ساماڵ و کەشوهەوا گەرم دەبێت لە هەموو وڵات، با لە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاواوە دەبێت بە خێراییەکی مامناوەند و لە کاتی ڕۆژدا چالاک دەبێت بۆ 40 کم لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش دەبێتە هۆی خۆڵبارین لە هەندێک شوێنی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور. پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە، مەودای بینین (8-10) کم دەبێت و لە کاتی خۆڵباریندا دەبێتە (3-5) کم.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ڕۆژی هەینی
سەبارەت بە ڕۆژی هەینیش لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور ئاسمان ساماڵ دەبێت، لە ناوچەی باکووریش ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور. با لە ئاراستەی باکووری ڕۆژئاواوە دەبێت و دەبێتە هۆی خۆڵبارین لە ناوچەکانی باشوور. پلەکانی گەرما لە ناوچەی ناوەڕاست کەمێک دادەبەزن، لە ناوچەی باکوور جێگیر دەبن و لە ناوچەی باشوور کەمێک بەرز دەبنەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا