پۆلیسی کەرکووک دەستگیرکردنی یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە ڕەتدەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە دەستگیرکردنی یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی و قاچاخچێتیی نەوتدا بڵاوکراونەتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بڵاوکەرەوەی ئەو چەواشەکارییانە دەگرنەبەر.
ڕەتکردنەوەی دەستگیرکردنی یاریدەدەری بەڕێوەبەر
فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک، دەستگیرکردنی یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکەی لە دۆسیەی گەندەڵی ڕەتکردەوە.
ڕوونکردنەوەی فەرمی لەبارەی تۆمەتەکانەوە
نووری شوانی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک لەبارەی دەنگۆکانی سەر یاریدەدەری بەڕێوەبەرەکەیانەوە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، هەندێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی ناڕاست لەسەر یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک بڵاو دەکەنەوە کە گوایە نەوتی بە قاچاخ بردووە. نووری شوانی لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی پێگەی عەمید دیار قاسمەوە گوتیشی، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە چونکە عەمید دیار قاسم "کەسێکی پاکە" و بە باشترین شێوە ئەرکە ئەمنی و کارگێڕییەکانی خۆی ڕادەپەڕێنێت.
نزیکبوونەوەی کاتی خانەنشینبوونی عەمید دیار
نووری شوانی لەبارەی ئامانجی پشت بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەوە ئاماژەی بەوەشکرد، "یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەکەیان تەنیا 14 ڕۆژی ماوە لە خزمەتکردن و خانەنشین دەکرێت، بۆیە دەیانەوێت پێش ئەو وادەیە لەکەداری بکەن. بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆ چەواشەکارانەیە ئامانج لێی شێواندنی ڕای گشتی و تێکدانی باری دامەزراوەی ئەمنی و سەرکردەکانیەتی، ئەوانەی شەو و ڕۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ خزمەتکردنی ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگاکە".
گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر پەیجەکان
فەرماندەیی پۆلیس لەبارەی سزادانی سەرچاوە چەواشەکارەکانەوە جەختیشیکردەوە، خاوەن پەیج و ئەو ماڵپەڕانەی کە پڕوپاگەندە بڵاودەکەنەوە دەدرێنە دادگا و بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
داواکارییەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هاووڵاتییان
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هەواڵەکاندا داواشی لە سەرجەم هاوڵاتییان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە ورد بن لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان، لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە زانیاری وەربگرن و نەکەونە داوی ئەو هەواڵە ساختانەی کە ئامانجیان لەکەدارکردنی متمانەی نێوان هاوڵاتی و هێزە ئەمنییەکانە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا