دەزگاى ستاندەر: ڕۆژنامەوانێکمان لەلایەن ئاسایشى سۆرانەوە دەستبەسەر کراوە
دەزگای ستاندەر ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو عەبدولڕەحمان خدر، ڕۆژنامەوان و ئەندامی دەزگاکەیان لە کاتی گەشتێکی ئاساییدا لەلایەن ئاسایشی سۆرانەوە دەستگیر کراوە. دەزگاکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دەستبەسەرکردنە بەبێ فەرمانی یاسایی و ئاگادارکردنەوە بووە، وێڕای ئیدانەکردنی پێشێلکارییەکە، داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ئەو ڕۆژنامەوانە دەکەن.
وردەکاریی دەستبەسەرکردنی عەبدولڕەحمان خدر
دەزگای ستاندەر کە ئۆفیسی سەرەکی لە هەولێرە، لەبارەی شێوازی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانەکە گوتی، "شەوی ڕابردوو لە کاتی گەشتێکی ئاسایی خۆیدا، عەبدولڕەحمان خدر، ڕۆژنامەوان و ئەندامی دەزگای ستاندەر لە دەڤەری ڕاپەڕین، لەلایەن ئاسایشی سۆران بە نایاسایی و بەبێ ئەوەی هیچ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە یان سکاڵایەکی لەسەر بێت دەستبەسەر کراوە."
ئاگادارکردنەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لە پێشێلکارییەکان
دەزگاکە داوا دەکات بە زووترین کات و بەبێ هیچ مەرجێک ناوبراو ئازاد بکرێت، بە مافی خۆشی دەزانێت دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش لەم پێشێلکارییە ئاگادار بکەنەوە.
نیگەرانی لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان
دەزگای ستاندەر لەبارەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان دەشڵێت، ئەوە یەکەمجار نییە لەسەر ئازادیی بیروبۆچوون ڕۆژنامەوان و چالاکوانان لە دەرەوەی یاسا دەستگیر دەکرێن و هیچ ڕوونکردنەوەیەکیش نادرێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا