لە بۆسەیەکدا لە باشووری خوورماتوو دەست بەسەر 4 ملیۆن دۆلاردا گیرا
لە چوارچێوەی هەڵمەتی دژە گەندەڵیدا، هێزە ئەمنییەکان لە بازگەیەکی باشووری خوورماتوو دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرت کە 4 ملیۆن دۆلاری تێدا شارابووەوە. شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە دەستگیر کراوە و گومان دەکرێت پارەکە پەیوەندیی بە بەرپرسێکی باڵا و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدینەوە هەبێت.
دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر لە دۆلار لە خورماتوو
لە درێژەی هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی پارەکانیان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە بازگەیەکی خوورماتوو لە بۆسەیەکدا دەستبەسەر 4 ملیۆن دۆلاردا گیراوە و نازانرێت دەگەڕێتەوە بۆ چ بەرپرسێک.
زانیارییەکانی کەناڵ8 لەبارەی شوێنی بۆسەکە
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، هێزە ئەمنییەکان لەنێوان پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە لە نزیک بازگەی عەباس جوما لە باشووری خورماتوو، لە بۆسەیەکی ئەمنیدا دەستیانگرتووە بەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان باثفایندەردا کە ژمارەکەی بەغدادە و لە پاش گەڕان دەرکەوتووە 4 ملیۆن دۆلاری لەناودا بووە و هەوڵدراوە لە شارۆچکەکە ببرێتە دەرەوە.
دەستگیرکردنی شۆفێرەکە و گومانەکان لەسەر پارەکە
شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لەبارەی گواستنەوەی پارەکەوە دەستگیرکراوە و ڕێوشوێنی یاسایی لە دژی گیراوەتەبەر، تاوەکو ئێستا پشتڕاستنەبووەتەوە پارەکە هی کێیە، هەرچەندە باس لەوە دەکرێت ئەو پارانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین.
ئاماری دەستگیرکراوانی "هەڵمەتی بەرەبەیان"
تاوەکو ئێستا بە فەرمی لە چوارچێوەی "هەڵمەتی بەرەبەیان" لە سەڵاحەدین، 6 کەس دەستگیرکراون، لەوانە عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت و بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی سەڵاحەدین لەگەڵ 3 پەرلەمانتاری پارێزگاکە و موسەننا سامەرائی سەرۆکی هاوپەیمانێتی عەزم، دەستیشگیراوە بەسەر دەیان ملیۆن دۆلار و سەدان ملیار دینار.
2 کاتژمێر پێش ئێستا