ئێران: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا ناکەین
وەزارەتی دەرەوەی ئێران کۆبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، هیچ پلانێکی دانوستانیان لەگەڵ ئەمریکییەکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نییە. ئەوە لە کاتێکدایە بەگوێرەی بەرپرسانی واشنتن، ئەمڕۆ تیمی تەکنیکیی هەردوولا لە قەتەر کۆدەبنەوە.
ڕوونکردنەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی چوونی شاندی وڵاتەکەی بۆ قەتەر بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، "هیچ دانوستانێکیان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕۆژانی داهاتوودا نییە"، ئیسماعیل بەقائی لەبارەی هۆکاری سەردانەکەشەوە دەشڵێت، چوونی شاندی ئەمریکا بۆ قەتەر پەیوەندیی بە چوونی شاندی ئێران بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی خاڵەکانی یاداشتنامەکە بەتایبەت خاڵی 11ـەوە نییە.
قۆناغی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی گوتیشی، هێشتا لەگەڵ ئەمریکا نەچوونەتە قۆناغی دانوستان بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی کێشەکانی نێوانیان.
ناوەڕۆکی خاڵی 11ی یاداشتنامەکە
لە خاڵی 11ی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە، ئەمریکا بەڵێن دەدات پارە و سامانە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد بکات.
لێدوانی سەرۆکی ئەمریکا و ناردنی شاندی کۆشکی سپی
ئەمە لە کاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران لە دەوحە دەکەن و دانوستانکارە ئەمریکییەکان دەچنە قەتەر، هاوکات کۆشکی سپیش ڕایگەیاند، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کوشنەر، زاواکەی ترەمپ، بەرەو قەتەر بەڕێوەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێرانییەکان لە ئاستێکی بەرزدا.
مەرجەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنی دانوستانی کۆتایی
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی مەرجەکانی وڵاتەکەیەوە ڕاشیگەیاند، "هێشتا لەگەڵ ئەمریکا نەچوونەتە قۆناغی دانوستان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی"، باسی لەوەشکرد، کاتێک ئەو قۆناغە دەست پێدەکات کە ئەمریکا خاڵەکانی 1، 4، 5، 10 و 11ی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەی جێبەجێ کردبێت.
2 کاتژمێر پێش ئێستا