واشنتن و تاران لەنێوان مێزی گفتوگۆ و هەڕەشەی داخستنی هوورمزدا

پرژە عەتا 2 کاتژمێر پێش ئێستا
تێپەڕبوونی ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگر لە نزیک بەلەمی ماسیگرەکانی گەرووی هوورمز
تێپەڕبوونی ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگر لە نزیک بەلەمی ماسیگرەکانی گەرووی هوورمز

ئەمڕۆ دەوحەی پایتەختی قەتەر دەبێتە چەقی سەرنجی تاران و واشنتن، زانیارییەکانیش لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی شاندەکان دژبەیەک و ناڕوونن، هاوکات تاران لە گەرووی هوورمزەوە پەیامی توند دەنێرێت و هەڕەشەی ڕێگری لەو کەشتیانە دەکات کە لە دەرەوەی ڕێڕەوە دیاریکراوەکان دەجووڵێنەوە.

گەشبینییەکانی ترەمپ بۆ کۆبوونەوەکەی دەوحە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی گەشتی شاندەکەیان بۆ قەتەر ڕایگەیاند، شاندێکی وڵاتەکەیان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ گەشت بەرەو دەوحە، تاوەکو بەشداری لە کۆبوونەوەیەکدا بکەن کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە بکرێت. ترەمپ لەبارەی گرنگیی کۆبوونەوەکە بە گەشبینییەوە گوتی: "ڕەنگە کۆبوونەوەکەی دەوحە گرنگ بێت، بەڵام ئەمە لە داهاتوودا دەردەکەوێت."

نێردراوانی ئەمریکا و تیمە تەکنیکییەکان لە قەتەر

کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی جووڵەی نێردراوانی ئەمریکا ئاشکرای کرد، ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نێردراوانی ئەمریکا، ئەم هەفتەیە بۆ کۆبوونەوەی باڵا دەچنە قەتەر. لەم بارەیەوە، پێگەی پۆلیتیکۆ لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ویتکۆف بە کۆنگرێسمانەکانی گوتووە، تیمی تەکنیکی تایبەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکان لە قەتەر دەبن.

هەوڵەکانی واشنتن بۆ ڕێگریکردن لە پیتاندنی یۆرانیۆم

مەبەستی سەرەکی واشنتن لەم هەنگاوە خێرایە، وەک مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە و ویتکۆف بۆ کۆنگرێسیان ڕوون کردووەتەوە، گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی کە ڕێگری لە ئێران بکات لە پاراستنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی بەرز.

شێوازی بەشداریی بەرپرسانی ئەمریکی لە گفتوگۆکان

ڕۆژنامەی "واشنتن پۆست"یش لەبارەی وردەکاریی گفتوگۆکان ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوولا پێشتر باسیان لە پرسە تەکنیکییەکان کردووە و بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکی بە شێوازی ئۆنلاین بەشدار دەبن.

هەڵوێستی تاران بەرامبەر گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی ئامانجی ناردنی شاندەکەیان بۆ قەتەر ڕایگەیاند، شاندەکەیان تەنیا بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن دەچێتە دەوحە، نەک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکادا، ئامانجی شاندەکەیان چاودێریی لادانی سزاکانی سەر نەوت و گەڕاندنەوەی پارە بلۆککراوەکانە.

ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن

ئێستا هەردوولا تەنیا 60 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی 14 بەندی، بەڵام تۆمەتبارکردنی یەکدی بە پێشێلکردنی بەندەکان، ڕێڕەوەکەی تەمومژاوی کردووە.

پەیامی مەسعود پزیشکیان و چاودێریی ڕێبەری باڵا

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی سەرپەرشتیکردنی دانوستانەکان ڕایگەیاند، تەواوی قۆناغەکانی دانوستان لەژێر چاودێری و هەماهەنگیی تەواوی موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵادایە. پزیشکیان لەبارەی مافە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەی دەشڵێت: "لەژێر هیچ بارودۆخێکدا لە ماف و بنەما نیشتمانییەکانمان پاشەکشە ناکەین."

گەشبینییەکانی ئیدارەی ترەمپ و دۆخی گەرووی هوورمز

تۆڕی "سی ئێن ئێن" لەبارەی هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، لە زاری ئادەم سمیس، ئەندامی کۆنگرێسەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ گەشبینە بەوەی ئێران گەرووەکە بکاتەوە، بەڵام هێشتا بەڵگەی بەهێز بۆ ئەم گەشبینییە نییە.

هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی بەدیل

تاران، نیگەرانە لەوەی عوممان بە هەماهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و فەڕەنسا ڕێڕەوێکی بەدیلی کاتی بۆ ڕزگارکردنی کەشتییەکان کردووەتەوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنساش پشتڕاستیکردەوە وڵاتەکەی لەگەڵ عوممان سەرقاڵی پاککردنەوەی گەرووی هوورمزن لە مینە چێنراوەکان.

داواکاریی ئەڵمانیا بۆ پاراستنی هاتوچۆی ئارام

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی بارودۆخی ناوچەکە و گرنگیی دیپلۆماسی ڕایگەیاند، داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو دەکات بۆ دڵنیابوون لە هاتوچۆی ئارام لە گەرووی هوورمزدا. وەزارەتەکە لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران ئاماژەی بەوە کرد، ڕێککەوتنی واشنتن و تاران بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان، دەرفەتێکی گرنگە بۆ دیپلۆماسی لەم دۆخەدا کە تێیدا جیهان چاوەڕێی پایتەختی قەتەر دەکات تاوەکو ببینێت ئایا ڕێککەوتنێکی بەرهەمدار دێتە ئاراوە، یان شەپۆلەکانی هوورمز جارێکی دیکە ناوچەکە دەشێوێنن.

پرژە عەتا

2 کاتژمێر پێش ئێستا